بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی ، تەرمی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “عەسکەر محەممەدی” خەڵکی گوندی “نەبی کەندی” لە بەرزاییەکانی چاڵدێران دۆزرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە چوار ڕۆژ لە بەرزایی کێوەکانی چاڵدێراندا بێسەروشوێن بووە وتا ئێستا زانیارییەکی ورد لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو کۆڵبەرە کوردە لەبەردەست دا نییە.
لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “بورهان جنکانلو” تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری بازرگان سەر بە ماکۆ، لە بەرزاییەکانی سنووری ئەو شارە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا و دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون کە هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردبوو.