ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی خاکەلێوەی ٩٩، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک باسی لە کوژرانی ٣٦ زیندانی لە زیندانەکانی ئێران کرد، کە بە هۆی نیگەرانیان لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی باسی لەوە کردوە کە بە بەکارهێنانی چەک و گازی فرمێسکڕێژ بۆ سەرکوتی ناڕازیان لە چەندین زیندانی ئێران ٣٥ زیندانی کوژراون و هەروەها بە بەکارهێنانی توندیژی و لێدان لە زیندانیەکان گومان دەکرێت یەکێک لە زیندانییەکان بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دابێ.
جێی ئاماژەیە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لانیکەم لە هەشت زیندانی ئێران، زیندانییەکان بەهۆی پێنەدانی مەرەخسی و مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ناڕەزایەتییان دەربڕی.
” دایانا الطحاوی” جێگری بەڕێوەبەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست و باشووری ئەفریقای ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، بە ئاماژەدان بە گرینگی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ئەشکەنجە و ئازاری زیندانیان گوتی: ” پێویستە بە هێزەکانی ئەمنییەتی ڕابگەیەنرێت کە بەکارهێنانی چەکی نایاسایی ڕابگرن و ڕیز لەو زیندانییانە بگیرێ کە داوای مافی سەلامەتی خۆیانیان کردوە”.