لە درێژەی دژکردەوەکان سەبارەت بە تویتێکی باڵوێزی چین لە تاران، نوێنەرێکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران داوای کرد، پێویستە نوێنەری چین بانگی وەزارەتی دەرەوە بکرێ.
“عەلی موتتەهری”، جێگری سەرۆکی پێشووی مەجلیس، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، لە تویتێکدا بۆ جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە ” دەبێ وڵامی دەمدرێژیی باڵوێزی چین بدرێتەوە” نووسیویەتی “بڕیار نەبوو خەباتی ئێمە لە دژی ئەمریکا ببێتە هۆی ئەوەی ببینە پاشکۆی چین”.
هەروەها “مەحموود سادقی”، نوێنەرێکی تری مەجلیس، هەمان ڕۆژ لە تویتێکدا نووسیویەتی ” زمانی هەڕەشەی بەشێک لە ناوەندەکانی نیزامی لەم بارەوە جێی داخ و سەرسووڕمانە”
لە لایەکی تریشەوە “کیانوش جەهانپوور”، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ڕۆژی ١٧ی خاکەلێوە ئاماری چینیەکانی سەبارەت بە کۆرۆنا بە شۆخیەکی تاڵ وەسف کرد و گوتی کە ئەو زانیارییانە هۆکار بوو بۆ ئەوەی وڵاتانی تر تووشی هەڵەبن.
جێی ئاماژەیە، باڵوێزی چین بەو هەڵسوکەوتانە دژکردەوەی نیشاندا و داوای لە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران کرد کە ڕێز لە هەوڵ و کردەوەکانی چین بگرێ.
دوابەدوای ئەمە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها سپای پاسداران وەک دڵدانەوەیەک بە باڵوێزی چین، ڕەخنەیان لە قسەکانی کیانوش جەهانپوور گرت.