ڕێکخراوی پێشگرتن لە بەکارهێنانی چەکی ناوکی ڕایگەیاند کە ڕێژیمی بەشار ئەسەد ئەنجامدەری هێرشی چەکی شیمیایی ساڵی ٢٠١٧ی “لەتامنە”یە.
ڕێکخراوی جیهانیی پێشگرتن لە بە کارهێنانی چەکی شیمیایی دوای ٣ ساڵ پشتراستی کردەوە کە ڕێژیمی سووریە ساڵی ٢٠١٧بە چەکی شیمیایی هێرشی کردۆتەسەر ناوچەی “لەتامنە” لە خانشەیخوون کە ئەو کات لە ژێر کۆنترۆڵی دژبەرانی ئەسەد دابوو.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی لەوبارەوە ڕایگەیاند کە پشتیوانەکانی ئەسەد ناتوانن بە بەڵگەی ساختە و چەواشەکردنی ڕاستییەکان ڕێژیمی ئەسەد بپارێزن و ئێستا پارێزەرانی ئەسەد بزانن کە ئەو ڕێژیمەی کە خەڵکی خۆی شیمیایباران دەکا دەبێ ڕووبەڕووی سزای نێودەوڵەتیج ببێتەوە و داوا لە وڵاتانی دنیا دەکەین کە لە ڕاستای سزادانی نێودەوڵەتی و کونوانسیونە نێونەتەوەییەکاندا یارمەتیدەر بن بۆ سزادانی ئەو ڕێژیمە مرۆڤکوژە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئەسەد ساڵی ٢٠١٧ لە هێرشێکی ئاسمانیدا بومبارانی شیمیایی ناوچەی “لەتامنە” لە دەورووبەری ”خانشەیخوون “کرد کە بوو بە هۆی کوژرانی هەزاران کەسی مەدەنێ و بێ دیفاع.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتی سەرەکی ڕێژیمەکەی ئەسەد و هۆی مانەوە و کوشت و کوشتار و قەتڵوعامی خەڵکی بێدیفاعی سووریەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا نەک هەر بە چەکوچۆڵ و بەڵکوو بە هێزی سەربازییش پشتیوانیی لە ڕێژیمەکەی ئەسەد کردووە و دەستی بە خوێنی سەدان هەزار کەسی ئەو وڵاتە سوورە و شەریکی هەموو ئەو جینایەتانەیە کە لە سووریە ئەنجامدراون.












