چالاکانی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە دوکتۆر و پەرستار و کارمەندانی نەخۆشخانەکان و لایەنەپێوەندیدارەکان و ئەو کەسانەی کە لەو ڕیگایەدا گیانیان لە دەستداوە، داواکارییەکی بڵاوکردەوە .
خەڵکی بەڕێزی کوردستان
هەر وەکوو دەزانن ئەوە بۆ دوو مانگ دەچێ، پەتای کۆڕۆنا لە وڵاتەکەمان بڵاوبۆتەوە و ژیان و تەناهی لە هەمووان تێکداوە.
لەو قۆناغەی ئێستادا کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵک بۆ خۆپاراستن لە ماڵ دەرناکەون، چینی پەرستار ، دوکتور، پاراکلینیکال و کارمەندانی نەخۆشخانەکان هەروەها کارمەندانی گۆرستان و ئاگرکوژێنەوەکان و کارمەندانی پاکوخاوێنی شەقام و شوێنە گشتییەکان، خۆنەویستانە بە دەستی بەتاڵ خەریکی بەرەڕووبونەوە لەگەڵ ئەو پەتا ماڵوێرانکەرەن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەداخەوە، دوو کەس بە ناوەکانی ڕەشید شێخ ئاغایی، کارمەندی ئۆرژانسی نەخۆشخانەی بۆکان و محەممەد یارئەحمەدی، پەرستار لە نەخۆشخانەی سەقز لەو رێگایەدا و بە هۆی نەخۆشی کۆڕۆنا کۆچی دواییان کردووە.
کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان بۆ رێزلێنان لەو دوو مرۆڤە لەخۆبردووە و هەروەها بۆ رێزلێنان لە هەموو ئەو کەسانەی کە لەخۆبوردوانە خەریکی بەرەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو پەتا ماڵوێرانکەرەن، داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکات، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوە کاتژمێر ١٠ شەوێ بە لێدانی یەک خولەک چەپڵە لەسەر سەربان یان بەر پەنجەرەی ماڵەکانتانەوە رێز لەو بەڕێزە خۆنەویستانە بگرن.
چالاكانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان