لە ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژی پەتای کۆرۆنا زیاتر تەشەنەدەسێنێ و قوربانی زیاتری لێدەکەوێتەوە، دەسەڵاتدارانیش باس لە کردنەوەی سەتا ٧٥ی شوێنە پیشەییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا دەکەن.
“سەعید ممبینی”، بەرپرسی ژوورە پیشەییەکان لە ئێران گوتی، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوە، لە سەتا ٧٥ی ناوەندەکانی کار لە سەرتاسەری وڵات جگە لە پارێزگای تاران دەست بەکاردەکەنەوە.
ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە ژمارەی قوربانیان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بەرز دەبێتەوە و بە هەزاران کەس بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست داوە.
لە لایەکی تریشەوە وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند کە ئێستا ئێمە نەگەیشتووینە قۆناغی چارەسەری و کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا لە ئێران و نابێت تووشی سەرلێشێواوی ببین.
لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە قەرەنتینەدان و وڵاتەکان داوا دەکەن کە خەڵک لە ماڵەکانیان بمێننەوە و باشترین چارەسەری ئەم پەتایەش بە گوتەی شارەزایانی پزیشکی خۆپارێزی و مانەوەیە لە ماڵەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە خەمی بەرژەوەندییە ماددیەکانی خۆیدایە و گیانی مرۆڤەکانی بەلاوە گرینگ نییە و تا ئێستا نەیتوانیوە لە پێوەندی لەگەڵ کۆرۆنا و پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەنگاوێکی ئەرێنێ هەڵێنێتەوە.