بەشێک لە شۆفێرانی ئوتوبووس لە شاری کرماشان بۆ داواکردنی مافەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی کۆمەڵێک لە شۆفیرانی ئوتوبووسی شاری کرماشان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
ئەم شۆفیرانە لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگاری و شارەوانی شاری کرماشان بە شێوەیەکی هێمنانە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و داوایان کرد یارانەی ساڵی ١٣٩٨ و هەروەها مافی بیمەی بێکاری ئەو دوو مانگەی کە لە پشوودا بوون پێیان بدرێت.
جێی بیرهێنانەوەیە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەریش شۆفیرانی شاری ورمێ هەر بەو مەبەستە و بۆ داواکردنی مافەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
شایانی باسە، دوای هاتنی پەتای کۆرۆنا خەڵکێکی یەکجار زۆر لە چینی هەژار و دەستکورتی کۆمەڵگە تووشی کێشەی دارایی بوونەتەوە و سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی ژیانیان لەدەست داوە و هیچ لایەنێکیش وڵامدەری داواکاریەکانیان نییە.











