لاوێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی ” ئاسۆ کەرەمی” بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی هەواڵی کوژرانی “ئاسۆ کەرەمی” ناسراو بە ” دایی ئاسۆ” بڵاوکرایەوە، کە بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ ناوبراو شەوی ڕابردوو لە یەکێک لە خانووە باغەکانی دەرەوەی سەردەشت بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.
” ئاسۆ کەرەمی” قارەمانی لەشجوانی وڵات و قارەمانی پاور لیفتینگ و ڕاهێنەری لەشجوانی شاری سەردەشت بوو کە خزمەتێکی بەرچاوی بە لاوانی ئەم شارە کردوە.
ناوبراو سیمایەکی ناسراوی شاری سەردەشت بوو، بەهۆی لێهاتوویی و دڵسۆزیەکەی کە لە نێو خەڵک و هاوشارییەکانی هەیبوو نازناوی “دایی” یان پێ بەخشیبوو.
شایانی باسە، ئاسۆ کەرەمی لە بواری وەرزشی لەشجوانی و هەڵگرتنی قورساییدا تواناییەکی باشی هەبوو و لەو پێوەندییەدا زەحمەتێکی زۆری کێشابوو، بۆیە توانیبووی ببێتە خاوەنی چەندین خەڵات لە ئاستی وڵات و شارەکەیدا.











