ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەگەڵ ئەوەی کە لە هێندێک وڵات تا حەددێک کۆنتڕۆڵ کراوە بەڵام تا ئێستاش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ژیانی خەڵکی جیهان .
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە هەواڵدەرییە جیهانییەکان و بەشە تەندروستی و ڕێکخراوە مرۆییەکانی جیهانەوە بڵاوکراونەتەوە، تا ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوە یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون و ٨٠ هەزار کەسیش گیانیان لەدەست داوە. تەنیا لە ئورووپا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٣٠٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.
ئەو ڤایرۆسە لە وڵاتی چین سەری هەڵدا بەڵام لەوێ توانیویانە کۆنتڕۆڵی بکەن و بەشێوەیەک پێشگیری لە مردنی مرۆڤەکان بکەن بەڵام لەبەرانبەردا لە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتوەکانی وەک ئەمریکادا بەشێوەیەکی خێرا پەرەی سەندووە و ڕۆژانە دەبێتەهۆی مردنی سەدان کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە.
وڵاتانی ئوروپاییش تا ئێستا نەیانتوانیوە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٣٠٠٠ کەس لە ئورووپا گیانیان لەدەست دا و تا ڕۆژی سێشەممە ئاماری مەرگی ٥٥ هەزار کەس لە ئورووپا تۆمار کراوە.
لە قاڕرەی ئاسیا مەرگی ئینسانەکان ئێستا لە ئێران هەموویان زیاترە و تەنیا لە ڕۆژێکدا ١٣٣ کەس لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چەواشەکردنی خەڵک و سەرپۆشدانان لە سەر ڕاستی ڕووداوی بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا و کەمتەرخەمیی کاربەدەستان، هەر ڕۆژە بیانوو بە وڵاتێک دەگرن و تۆمەتباریان دەکەن بە ناردنی ڤایرۆسەکە بۆ ئێران. ئەگەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایررۆسی کۆڕۆنا بۆ چەواشەکردنی خەڵک وەک هەمیشە ئەمریکا و ئیسرائیلیان تۆمەتبار دەکرد، ئەوە ئەمڕۆ دژی دەوڵەتی چین لێدوان دەدەن.
سەرانی کۆماری ئیسلامی هەم بەهۆی ڕانەگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای ماهان کە سەر بە سپای پاسدارانە و هەم بەهۆی شاردنەوەی هەواڵی ڤایرۆسەکە بۆ خاتری بەشداریی خەڵک لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان و هەڵبژاردنەکانی مەجلیس هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوە و بڵاوکردنەوەی ئەم ڤایرۆسەن و ئیتر دوای ٤١ ساڵ درۆ و چەواشەکاری، ناتوانن لەوە زیاتر خەڵکی ئێران فریو بدەن و لەو ڕێگەیەوە بە مەبەستە چەپەڵەکانی خۆیان بگەن.












