٨٠ بەندکراوی سیاسیی بەندیخانەی “شەیبانی” ئەهواز پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی زیندانییەکان و تێکهەڵچوون لەو زیندانەدا وێڕای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
“کەریم دەحیمی” چالاکی مافی مرۆڤی ئەهواز ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە پاش سەڕهەڵدانی ناڕەزایەتی ١٢ی خاکەلێوەی بەندیخانەی” شەیبان”ی ئەهواز هاوکات لەگەڵ ١١ زیندانی دیکە لە شارەکانی ئێران لە هەمبەر مەترسی پەتای کۆرۆنا و دۆخی نالەباری تەندروستیی بەندیخانە و شێوەی پێڕاگەیشتن بە بەندییەکان و کەمتەرخەمی بەرپرسانی زیندانەکان بە نیسبەت گیانی زیندانییەکان، ٨٠ کەس لە زیندانییە سیاسییەکانی ئەو زیندانە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و چارەنووسیان ناڕوونە.
شایانی باسە کە سەرەڕای داوای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و ئێرانی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی نێوخۆی ئێران و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، کۆماری ئیسلامی ئامادە نییە زیندانییە سیاسییەکان بە شێوەیەکی کاتی ئازاد بکا، هەر بۆیە ناڕەزایەتی زیندانییەکان گەیشتە لووتکە و وایکرد کە لەم مانگەدا لە ١١ بەندیخانەی ئێران لەوانە سەقز، مەهاباد، هەمەدان، شیراز، ئەهواز، تاران و تەوریز سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی ڕوویدا و دەیان کەس توانیان لە زیندانەکاندا ڕابکەن و چەند کەسیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران و بریندار بوون.