مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆرۆناش کۆماری ئیسلامی نەوەستاندووە لە کارە تێکدەرانەکانی لە جیهاندا، هیوادارم خەڵکی ئێران ڕۆژێک ببنە خاوەنی ڕێژیمێک کە ڕێز لە مافە ڕەواکانیان بگرێ.
پۆمپێئۆ هەروەها ڕایگەیاند، هەرچەند کە لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ترامپەوە ئێمە هەڵەی دێموکراتەکانمان ڕاستکردەوە و گوشار و گەمارۆی توندمان خستەسەر کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە تێرۆر و پشتیوانی لە تیرۆریزم و تا ڕاددەیەکی زۆر دەستی ئەو ڕێژیمەمان لە دەستڕاگەیشتن بە پارە کورت کردەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەموو گرفتەکانی نێوخۆیی و جیهانی هێشتاش بەردەوامە لە ئاژاوە نانەوە و هەناردنی چەک و چۆڵ بۆ عێراق و سووریە، بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ئەو وڵاتانە و دژ بە وڵاتانی هاوپەیمان و بە تایبەت ئەمریکا.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە سەرەڕای پەرەسەندنی کۆڕۆنا لە جیهاندا کۆماری ئیسلامی لەباتی ئەوەی پارە بۆ بنبڕکردنی ئەو پەتایە و کەمکردنەوەی مەترسی بۆسەر خەڵکی ئێران خەرج بکا، هەنووکەش بەشێکی زۆری پارەی خەڵکی ئێران لە وڵاتانی دیکەدا و بۆ ئاژاوەگێڕی خەرج دەکرێ.












