لە شاروێرانی مەهاباد تێکۆشەرێکی ماندوویی نەناس و باوکی شەهیدێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، “حاجی مارف موزەفەری” خەڵکی شاروێرانی مەهاباد کۆچی دوایی کردووە.
“حاجی مارف” پیاوێکی نیشتمانپەروەر و کوردێکی دڵسۆز و ئۆگرێکی وەفاداری ڕێبازی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان بوو کە تەمەنێک لە ڕێگەی حیزب و گەلەکەیدا زەحمەتی کێشا و لەو پێوەندییەدا تووشی گەلێک سەختی و ناخۆشی و نەهامەتی بووە .
“حاجی مارف” لە دوو دەورانی حکوومەتەکانی پاشایەتی و ئاخوندیدا تووشی زیندان و ئەشکەنجە و ئازار بۆتەوە و لەو ڕیگەیەدا سەختی زۆری تەحەممول کردووە. ناوبراو لەگەڵ ئەوەی کە لە ساڵەکانی ٤٦-٤٧ ئەندامی حیزب بووە و لەو ڕیگایەدا خەباتی کردووە، کوڕێکیشی بە ناوی “عوسمان موزەفەری” لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا شەهید بووە و کوڕێکی دیکەی بە ناوی “قاسم موزەفەری” هەر لەو ڕێگەیەدا خەباتی کردووە، بەهۆی ئەوانیشەوە گەلێک جاران لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە کەوتەبەر بێڕیزی و ئازار و ئەشکەنجە بەڵام کۆڵی نەدا و تا کۆتایی تەمەنی هەر وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان مایەوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو حاجی مارف دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











