ئیدارەی سیاسیی سپای پاسداران هەڕەشە لە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەکا و دەڵێ ناوبراو دەبێ لەهەمبەر قسەکانی بەرانبەر وڵاتی چین داوای لێبوردن لەو وڵاتە بکا.
بڵاوکراوەی تایبەتیی ئیدارەی سیاسی سپای پاسداران لە لاپەڕەی فەرمی خۆیدا دەڵێ: “وتە نابەجێ و هەڵەکانی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی “کیانووش جەهانپوور” باڵوێزی وڵاتی چینی دڵگران کردوە و ناوبراو دەبێ داوای لێبوردن لە وڵاتی چین بکا و نابێ بەو شێوەیە وڵاتێکی هاوپەیمانمان لێ بڕەنجێ.
ئەو بڵاوکراوەیە هەروەها باس لە دەستەکانی پشتی پەردەی ئەو قسانە دەکا وهەڕەشەی بەدواداچوون و سزا بۆ کیانووش جەهانپوور دەکا.
شایانی باسە کە قسەکانی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کە ڕایگەیاندبوو وڵاتی چین گاڵتەیەکی تاڵی لە گەڵ ئێمە و دنیاش کردوە و ئامار و داتای ناڕاستی لەهەمبەر پەتای کۆرۆنا بە ئێمە داوە، کاردانەوەی زۆری بەرپرسانی ڕێژیمی لێکەوتەوە.