خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ چاوەڕوانی لە کاربەدەستانی دەوڵەت هەمیشە لە کاتی ڕووداو و کارەساتەکاندا لە خاک و نیشتمانی کوردان بە خاوەن دەردەکەون و بۆ بەرەنگار بوونەوەی کارەساتەکان قۆڵی هیممەت هەڵدەماڵن.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی كوردستان ھەر زوو وەكوو جاری جاران دەركەوت كە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەنگانەدا پشت لە كوردستان دەكات و خەمساردی و كەمتەرخەمییەكی ڕوون بە لایەنە پەیوەندیدارە حكوومییەكانەوە دیار بوو. بەڵام ھەر زوو خۆبەخش و سەرمایەدار و چالاكوانانی مەدەنی ھەر پێنج پارێزگاكەی ڕۆژھەڵاتی كوردستان خاوەندارییەتی ئازاری كۆرۆنایان كرد و قۆڵیان لێ ھەڵماڵی.
تاكوو ئێستا لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی كوردستان زیاتر لە ٢٠ میلیارد تمەن یارمەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لەلایەن خەڵكی خۆبەخش كۆكراوەتەوە، بەپێی گوتەی شۆرای شارو شارەوانی و چالاكوانان تەنیا لە مەھاباد پێنج میلیارد تمەن یارمەتی كۆكراوەتەوە و لە ١٢ ڕۆژدا نەخۆشخانەیەكی كاتی لە لایەن سەرمایەدارانی ئەو شارەوە دروست كراوە.
لە ناو شاری سنە لە ماوەی دە ڕۆژدا ٣ میلیارد تمەن یارمەتی بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی كاتی و دابینكردنی پێداویستیی وەكوو دەمامک و دژە عەفونی كردنی دەست كۆكراوەتەوە. لە ھەموو شارو شارۆچكە و گوندەكانی دیكەی ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە بڕی جیا جیا یارمەتی بۆ خۆپاراستن لە كۆڕۆنا كۆكراوەتەوە. بۆ نموونە موھەندیس “محەممەد ئەمینزادە ” فەرمانداری بانە بە ئاشكرا ڕایگەیاند كە لە سەتا ٨٠ی یارمەتییەكانی شاری بانە لە لایەن خەڵک خۆی كۆكراوەتەوە و تەنانەت بەشی زۆری پێداویستییەكانی نەخۆشخانەی “ڕازی” ئەو شارە خەڵک دابینی كردوون. دوكتۆر “فەرزین رەزاعی” سەرۆكی زانكۆی زانستی پزیشكیی سنەش دەڵێ ئەگەر خۆبەخش و سەرمایەدار و خەڵک نەبن، بە یارمەتییەكانی حكوومەت ناتوانن لەو قەیرانە دەرباز بن.
ئێستا چالاكوانانی مەدەنی و سەرمایەدارەكان لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان خۆڕسک بە سەر سێ كەمپەیندا دابەش بوونە، یەكەم كەمپەینی دابینكردنی پێداویستی تەندروستی، دووەم دابینكردنی خواردن و پێداویستی ڕۆژانە بۆ ھەژارەكان و ھەموو شارێک ھەیئەت ئۆمەنایەكیش لە سەرمایەدارەكان ھەیە كە تاووتوێی دروستكردنی نەخۆشخانەی كاتی بۆ ڕۆژی مەبادا دەكەن.
ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان جارێكیتر وەبیری ھێناینەوە كە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو نیشتمانە تەنیا خەڵكی كوردستانە، ئیتر لە تەنگانەدا جیاوازی داگیركەر و خاوەن ماڵ زۆر بە ڕوونی دەردەكەوێت.