ئەمڕۆ سێشەممە، ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، وەزیری تەندروستیی ئێران لە یەکەم کۆبوونەوەی مەجلیسی ئێران لە ساڵی ٩٩ی هەتاوی، گوتی کە دوای ئاشکرابوونی کۆرۆنا لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، بەشێک لە کاربەدەستان پێیان ڕاگەیاندم کە هەواڵی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پێش لە هەڵبژرادن ئاشکرا نەکەم.
وەزیری تەندورستیی ئێران “سەعید نەمەکی” بە ئاماژە دان بەوەی کە بە هاوکاریی “ئەنستیتۆی پاستۆر”، ئاکامی پشکنینەکانی کرۆنا لەسەر دوو حاڵەتی یەکەم، ئەرێنی ڕاگەیەندراوە، گوتی: “بەشێک لە هاوکارەکانم پێیان راگەیاندم کە ڕاگەیاندنی کۆرۆنا پێش هەڵبژاردن کارێکی دروست نییە، بەڵام من باوەڕم وایە کە ڕاستگۆیی و ڕاستبێژی لەگەڵ خەڵکدا، گەورەترین سەرمایەی کۆمەڵایەتییە کە دەبێ پارێزراو بێت”
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسی ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی پارێزگای قوم لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەری فارس سەبارەت بەوەی کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە شاری قوم نەبوو گوتی: ” یەک حەوتوو پێش لە ٣٠ی ڕێبەندان لە قوم ئاشکرابوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، بەڵام بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستیی بەدواداچوونی بۆ نەکرا.
شایانی باسە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر زۆر زوو هەستی بە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا کرد، بەڵام بۆ ئەوەی خەڵک بەشداری لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان و هەڵبژاردنی مەجلیس بکەن ئەو ڕاستییەی شاردەوە و دواتریش بەشداری نەکردنی خەڵکی لە هەڵبژاردنەکە بۆ بوونی ڤایرۆسەکە گەڕاندەوە، کۆماری ئیسلامیی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکانی داوە و ئەمەش هۆکار بووە بۆ زیاتر تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە لە ئێراندا.