لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان چالاکان و کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر ئەرکی پاراستی گیانی خەڵک و پێشگرتن لە ڤایرۆسەکەیان خستە سەرشانی خۆیان.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندیی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری شنۆ سەبارەت بە کاروچالاکییەکانی کەسانی چالاک و دڵسۆز کە هەر لە سەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسەکە چالاکانە لە مەیداندا بوون و بۆ گەیاندنی کەلوپەلی پێویست بۆ پێشگرتن لەو پەتایە شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەک و لەنێو خەڵکەکەی خۆیاندا بوون لە شارو گوندەکان، توانیویانە زۆر سەرکەوتوانە کار بکەن. بە تایبەت بە دابینکردنی نەخۆشخانەیەک بۆ نەخۆشانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هیممەت و هاوکاری خەڵکی خێرخوازی شاری شنۆ و ناوچەکانی دەورووبەری خزمەتێکی زۆریان بە خەڵک کردوە.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەست ڕاگەیاندنی حیزب گەیشتووە لەو شارە، بەرپرسان و کاربەدەستان لە بەرامبەر ئەم پرسەدا زۆر کەمتەرخەم و خەمساردن و هیچ کات نەیانتوانیوە و نەیانویستووە بە دەرد و مەرگی خەڵکەوە بن.
جێی ئاماژەیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەوەی خۆی لەم پێوەندییەدا هیچ هاوکاری خەڵک ناکات، لە ڕێگای هێزە سەرکووتکەرەکانی سپای پاسدارانیشەوە خۆی خستووەتە نێو کار و چالاکییەکانی ئەو خەڵکە و هەوڵ دەدات هەموو ئەو کارانەی کە خەڵکی دڵسۆز و چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە خۆڕسکانە دەیکەن بێ بایەخ نیشان بدات و بە جۆرێک خۆیان نیشان بدەن کە خەڵک وابزانن ئەم کارانە ئەوان کردوویانە.
شایانی باسە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر هەموو پرس و ڕووداوەکانی کە لە کوردستاندا دێنە پێش، نەک هیچ کات هاوکاری خەڵک نییە و بە هانایانەوە ناچێت، بەڵکوو هەموو کات هەوڵ دەدات دەست بخاتە نێو کارەکانیانەوە و پێش بگرێت لە هەموو ئەو هاوکارییانەی کە دەیانەوێت بیگەیەنن بە خەڵکی کوردستان و زۆر کاتیش دەستی بەسەر کەلوپەلەکاندا گرتووە و هەوڵی داوە لە ڕێگەی دەستوپێوەندەکانی خۆیەوە بیگەیەنێتە دەستی کەسانی نزیک لە خۆیان.











