لێدوانێکی “حەسەن نەورۆزی” نوێنەری تەورێز لە مەجلیسی ڕێژیم کە گوتبووی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە ئەنقەست خراوەتە خوارەوە و هیچ هەڵەیەکی تێدا نەبووە و کەسیش لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر نەکراوە، هێزە چەکدارەکان و بەرپرسانی ڕێژیم تووڕە دەکا.
“شوکروڵا بەهرامی” سەرۆکی دەزگای دادی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “ئیسنا” کە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند کە سکاڵامان لەسەر ئەو نوێنەرە تۆمار کردووە و دەیدەینە دادگا .
شایانی باسە کە ڕۆژی یەکشەممە حەسەن نەورۆزی لە وتووێژ لە گەڵ ڕۆژنامەی “هەمدێلی”دا ڕایگەیاندبوو کە هیچ هەڵەیەک لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەدا ڕووی نەداوە و سەربازانی ئیمامی زەمان کارێکی گونجاو و پێویستیان ئەنجام داوە و هیچ کەسیش لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر نەکراوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە چەندین جار بەرپرسانی ڕێژیم و بە تایبەت وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندبوو کە کەسێک لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر کراوە و هەڵەی تاکەکەسی بووە.