نوێنەری شاری بەندەر عەباس لە دانیشتنی دەستەی بەربەرەکانی لە گەڵ کۆرۆنا لە پارێزگای هۆرمۆزگان، ڕایگەیاند کە بارودۆخی پارێزگاکانی باشوور هیچ لە شوێنەکانی دیکەی ئێران باشتر نییە و قسەکانی ڕۆحانی دوورن لە ڕاستییەوە.
نوێنەری شاری بەندەرعەباس “ئەحمەد مورادی ” ڕایگەیاند کە یان زانیاری هەڵەیان بە سەرۆک کۆمار داوە یان ناوبراو دەیهەوێ ڕاستییەکان بشارێتەوە، بەڵام پێموابێ خۆی لە ڕاستییەکان نادا ئەگینا کاتێک لە تەواوی دونیا بارودۆخ نائاساییە و گەیشتۆتە هێڵی سوور، چۆن دەبێ لە پارێزگاکانی باشووری ئێراندا بە شێوەیەکی دیکە بێ، ئەمە تەنیا دەرخەری کەمتەرخەمی و شاردنەوەی ڕاستییەکانە لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە و ئەوەش جێگای قبووڵکردن نییە.
شایانی باسە کە هەر لەسەرەتای هێنانی کۆرۆنا بۆ ئێران بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەجێگای چارەسەری دۆخەکە بە مەبەست ڕاستییەکانیان لە خەڵک شاردەوە، تاکوو بەم شێوە ئەو پەتایە پەرەی سەند و گیانی هەزاران کەسی لەم وڵاتە ئەستاندووە و مەرگ و ترس، دڵەڕاوکێ، هەژاری و بێکاری زیاتری بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری هێناوە.
جێگای ئاماژەیە کە چەند ڕۆژ پێشتریش چەند نوێنەری پارێزگای سیستان و بەلووچستان ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر کەمتەرخەمی لە ئاست پارێزگاکانی باشووردا دەربڕیبوو.