سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی قوم، وەزارەتی تەندروستی و بەرپرسانی ڕێژیم بە درۆ دەخاتەوە
سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی قوم ڕایگەیاند کە هێشتا هیچ نامەیەکمان لە وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ نەهاتوە بۆ ئەوەی پارە لەو خەڵکە وەرنەگرین کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن.
لە حاڵێکدا کە وەزیری تەندروستیی کۆماری ئیسلامی و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو ڕێژیمە ڕایانگەیاندبوو کە پارە لەو خەڵکە وەرناگیرێ کە مەترسی یان گومانی کۆرۆنایان لەسەرە و هەروەها ئەوانەش کە تووشی ئەو پەتایە بوون، بەڵام سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی شاری قوم ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی دەستەی پێشگرتن لە کۆرۆنای ئەو شارەدا وتی: “هەتا ئێستاش هیچ نامەیەک لە وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ ئێمە نەهاتووە کە پارە لە خەڵک وەرنەگرین”.
شایانی باسە کە ڕاگەیەندنەکانی کۆماری ئیسلامی باسیان لەوە کردبوو بێ بەرانبەر واتە بەخۆڕایی دەوا و دەرمان دەدەنە خەڵک و هەروەها هەموو کاروباری پزیشکییان لەو ماوەیەدا بۆ ئەنجام دەدەن.
جێگای ئاماژەیە زۆربەی ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی پەتاکەیان لێدەرکەوتوە، بە هۆی نەبوونی و هەژاری و بێکارییەوە توانای خەرجکردنی پارەی پزیشک و دەرمانیان نییە و هەربۆیە لە چوون بۆ ناوەندە پزیشکییەکان خۆیان دەبوێرن.