ڤایرۆسی کۆڕۆنا بێ پرس و جیاوازی، لە دەرگای هەموو ماڵێک دەدا و سەردانی هەموو کەس دەکا و دارا و نەدار و زۆردار و بێ دەسەڵات ناناسێ.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ڕۆژانە لە لایەن دەزگاکانی تەندروستی وڵاتان و ڕێکخراوە مرۆیی و تەندروستییەکان بڵاودەکرێنەوە، تا ئێستاش ئەم ڤایرۆسە هەر لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە و هیچ دەرمانێکیش بۆ پێشگیری لەو ڤایرۆسە کوشەندەیە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لەکاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە ڕۆژی ڕابردوو یەکەم ڕۆژ بوو کە لە وڵاتی چین هیچ کەس بەو ڤایرۆسە گیانی لەدەست نەداوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان کە لە سەرچاوەکانی هەواڵەوە بڵاوکراونەتەوە، تا ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوە، ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە یەک میلیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس تێپەڕی و ٧٠ هەزار کەسیش گیانیان لەدەست داوە و ٢٦٥ هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە. هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاو کراونەتەوە یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەست داوە، نەخۆشی قەند (دیابت)یان هەبووە.
ئەمڕۆژانە تووشبوونی “بۆریس جۆنسۆن” سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆتە سەردێڕی ڕۆژنامەکان و لە مێدیاکان بە بەربڵاوی باسی لێوەدەکرێ. ناوبراو ئێستا لە بەشی فریاکەوتنی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لەندەنە و لەژێر چاوەدێری وردی پزیشکی دایە و دۆخی جەستەیی نالەبارە، هەر بەم هۆیەوە دەسەڵاتی وڵاتی بە وەزیری دەرەوەی بریتانیا سپاردووە.
ئەمڕۆژانە هەواڵی بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە لە لایەن وڵاتی چینەوە بۆتە هۆی نیگەرانی و باس و لێدوانی کاربەدەستان و لایەنە پێوەندیدارەکان. لەگەڵ ئەوەی کە چەند وڵاتێک خەریکی لێکۆڵینەوەن لەڕاستی و دروستی ئەم هەواڵە، ڕادیۆ “پەیام”ی ئیسڕائیل بڵاوی کردەوە کە ئامێرەکانی تێستی کۆڕۆنا کە چین بە فەڕانسەی فرۆشتوون هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون و کاربەدەستانی وڵاتانی ئیسپانیا، هولەند، تورکیە و ئێرانیش باسیان لەوە کردووە کە کەلوپەلەکانی تێست و پێشگیری کە لە وڵاتی چینەوە بە وڵاتان فرۆشراون، کەڵکیان نەبووە و ئەم بابەتە نیگەرانی زۆری لای خەڵک دروست کردووە.
لە وڵاتانی وەک ئەمریکا، ئیتالیا، ئیسپانیا و فەڕانسە و چەند وڵاتێکی تر ئەم ڤایرۆسە بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەی سەندوە و خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەست داوە.
ئێران وەک دووهەمین وڵاتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زانیاری ڕاست و دروست لەسەر ئەم بابەتە بڵاو ناکاتەوە هەر بۆیە زانیارییەکی دروست لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی کە کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردوونەتەوە ، ژمارەی تووشبوان گەیشتۆتە نزیک ٧٠ هەزار کەس و ٣ هەزار و ٧٣٩ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.












