بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ماوەی یەک حەوتوودا لانیکەم ٢٠٠ هەزار ئەفغانی نیشتەجێی ئێران، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەڕاونەتەوە ئەفغانستان.
هەواڵدەری “آسوشیتدپرس” لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردوە ئەو ئەفغانیانەی لە ئێران نیشتەجێن” یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جێ دەهێڵن و بۆ وڵاتە هەژارەکەی خۆیان کە بەداخەوە ئامادەیی ئەوەی نییە ڕووبەڕووی ئەو ڤایرۆسە ببێتەوە دەگەڕێنەوە”.
بە پێی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە، ئەفغانییەکان بێ ئەوەی هیچی ئازمایشێکی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ بکرێت دەگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان، ئەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا زیاتر دەکات کە ژێرخانی تەندروستی و دەرمانییەکی لاوازی هەیە.
بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن نیگەرانی ئەوەین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تا یەک میلیۆن کەسی ئەفغانی نیشتەجێی ئێران ناچار بکات کە خاکی ئێران بەجێ بهێڵن.
بە گوتەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچبەران، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا تەنها لە ماوەی یەک مانگدا نزیکەی ١٤٥ هەزار ئەفغانی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.