لە پیرانشار ڕێوشوێنی پێویست بۆ پێشگرتن لە کۆرۆنا لە لایەن دەوڵەتەوە ناگیرێتەبەر.
بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەدنی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستاندا ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر قوربانی لێدەکەوێتەوە و دەسەڵاتیش لەم پێوەندییەدا خەمساردە و ڕێوشوێنی پێویست ناگرێتەبەر.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندیی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری پیرانشار کەمتەرخەمی دەسەڵات گەیشتووەتە ئاستێک کە مەترسی بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر بووە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بەدەست ناوەندیی ڕاگەیاندنی حیزب گەیشتوون، لە کۆی ٢٢ کەس کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوون و لە نەخۆشخانەیەکی شاری پیرانشار لە قەرەنتینەدابوون، چوار کەس گیانیان لەدەست داوە و ١١ کەسیان ئێستاش لە قەرەنتینە ماونەوە و ئەوانی تر ڕەوانەی ماڵەوە کراون.
وەک دەگوترێ پێش سێزدەبەدەر بە هەوڵی خەڵک و کەسانی خۆبەخش تا ڕادەیەک دۆخەکە باشتر بوو، بەڵام بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکانی خەڵک و کەم داهاتی چینی هەژار و هاوکاری نەکردنی دەسەڵات، خەڵک یاساکانیان پێشێل کردوە و بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیانیان لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان نابن.
لە لایەکی تریش خەڵکی ئاواییەکان لە بەرامبەر ئەم پرسەدا کەمتەرخەمن و گوێ بە ڕێنماییەکان نادەن و پێیانوایە ئەم نەخۆشییە لە ئاواییەکان نییە و لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە کە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر دەکا.
هەروەها خەڵکی پیرانشار باس لەوە دەکەن کە ئەوەی دەوڵەت دەیکا تەنیا شتێکی ڕواڵەتییە و هیچ ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە ناگرێتەبەر، بەجێی ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بۆ مانەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان بگرێتەبەر و ڕێگە نەدا دوکاندارەکان دوکانەکانیان بکەنەوە، چاوەڕێی ئەوە دەکەن کەسێک دوکانەکەی بکاتەو بانگی دادگای بکەن و جەریمەی بکەن کە بە پێی هەواڵەکان دادگا بڕی ١٧٠٠٠٠٠ تا ٢٥٠٠٠٠٠ تمەن پوڵی لێستاندوون، بە جۆرێک دەوڵەت لە جیاتی بە خەمی خەڵکەوە بێت خەریکی ڕاو و ڕووتە، کە ئەگەر بەم شێوەیە بچێتە پێشێ ئیدی کۆنتڕۆڵکردنی شاری پیرانشار بەهۆی هاتنەدەرەوەی خەڵک و کردنەوەی دوکان و بازەڕکان کارێکی سەخت دەبێ.











