لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە ڕێگای نێوان” سەقز- دیواندەرە” ژمارەیەک هاونیشتمانی بوونە قوربانی ڕووداوی هاتووچۆ و گیانیان لەدەستدا.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندیی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی لە ڕووداوێکی هاتووچۆ لە ڕێگای نێوان سەقز- دیواندەرە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە کە خەڵکی شارەکانی دیواندەرە و جوانڕۆ و هەروەها ئاوایی تیلەکۆ بوون.
بە پێی ئەم زانیارییانەی بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب گەیشتوون تا ئێستا تەنها ناوی دوو کەس لەم حەوت کەسە بە ناوەکانی”فەرهاد بێستوونی” و ” ماجد” ئاشکرا کراوە.
بە پێی زانیارییەکان ماوەی چەند ساڵێکە خەڵکی ئەم شارانە داوای چاککردنی ئەم ڕێگایە دەکەن کە وەک دەگوترێ ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ لەم ڕێگەیە گیان لەدەست دەدەن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ لایەن و بەرپرسێک بەدەنگ داواکارییەکانی ئەم خەڵکە نەهاتووە و وەک دەگوترێ بۆتە ئارەزوویەکی وەدینەهاتووی خەڵکی ئەم شارانە و دەڵێن:” دەسەڵات بۆ دەسەڵات و نوێنەر بۆ نوێنەر لەم ناوچانانە چەندین جار بەڵێنیان بە خەڵک داوە کە ئەم ڕێگەیە چاک دەکەن، بەڵام تا ئێستاش وەک خۆی ماوەتەوە و بۆتە ڕێگایەکی پڕ مەترسی بۆ خەڵکی کوردستان، ئەوان باس لەوە دەکەن لەمڕۆدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لە خەڵک دەستێنێ، ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە کوردستان زیاتر لە کۆرۆنا هۆکاری گیانلەدەستدانی خەڵکن.
شایانی باسە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە ڕێگاکانی کوردستان دەبنە قوربانی، ئەوەش بۆ ناستاندرابوونی ڕێگاوبانەکان، نەبوونی نیشانەکانی هاتووچۆ و پابەندنەبوونی شۆفێرەکان بە یاسا و ڕێنماییەکان دەگەڕێتەوە و دەسەڵاتیش لەم پێوەندییەدا کەمتەرخەمە و هیچ ئاوڕێک لە ویست و داواکانی خەڵک ناداتەوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە هاتووچۆیە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











