“مورگان اورتگاس”، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە پشتیوانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێزەکانی سپای پاسداران سەرسووڕمانی خۆی دەربڕی و گوتی: خامنەیی پزیشکانی بێسنووری کە بۆ هاوکاری خەڵک هاتبنوونە ئێران کردە دەرەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، لە تویتی خۆیدا گوتی : جێگای سەرسووڕمانە، عەلی خامنەیی پشتیوانی لە سپای پاسداران دەکات کە کاریان تیرۆرە لە هەموو جیهاندا، بەڵام پزیشکانی بێسنوور کە هەموو هەوڵیان هاوکاری کردنی خەڵکە لە وڵات دەکاتە دەرەوە.
جێی ئاماژەیە، ٤ی خاکەلێوە بەشێک لە پزیشکانی بێسنوور بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی بۆ چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا گەیشتنە ئێران، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا لە وڵات بمێننەوە و دەرکران.
ڕەت کردنەوەی هاوکارییەکانی پزیشکانی بێ سنوور لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوای هاوکاری نێونەتەوەییان بۆ پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و لەم پێوەندییەدا بەشێک لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان هاوکارییەکانیان گەیاندە ئێران.
شایانی باسە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند جارێک پێشنیاری هاوکاریکردنی بە ئێران داوە سەبارەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێراندا، بەڵام لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە ڕەتکراوەتەوە.












