لەگەڵ ئەوەی کە لە هێندێک وڵات ئاماری توشبوان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا تاحەددێک هاتۆتە خوار بەڵام تا ئێستاش هەر لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە تا ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی تووشبوان بە کۆڕۆنا گەیشتۆتە یەک میلیۆن و ٢٦٧ هەزار کەس، بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتەکانی تەندروستیی وڵاتانی جیهان ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست داوە لە ٦٩ هەزار کەس تێپەڕیوە.
تا ئێستا زۆرترین ئاماری تووشبوان بە کۆڕۆنا لە ئەمریکا و ئیسپانیا تۆمار کراوە، لەگەڵ ئەوەی کە ئیتالیا یەکەم وڵاتە کە خەڵکێکی زۆر بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست داوە، بەڵام لەم یەک دوو ڕۆژەدا ئاماری قوربانییەکان کەمتر بۆتەوە و وڵاتەکەش هەروا لە قەرەنتینە دایە.
لە ئێران لەگەڵ ئەوەی کە وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاماری ڕاست و دروست بە خەڵک و ڕاگەیەندنەکان نادا، بەڵام بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ تا ئێستا ژماری تووشبوان گەیشتۆتە ٨٧ هەزار کەس و ٦٢٨٢ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا کاربەدەستێکی ڕێژیم ڕایگەیاند کە کەلوپەلەکانی تێستی کۆڕۆنا کە لە لایەن دەوڵەتی چینەوە دراون بە ئێران، هەموویان بێ کەڵک بوون.
لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێران هەر لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە بەڵام حەسەن ڕووحانی بڕیاری داوە کە بەشێک لە کارگەکان دەبێ دەست بە کار بکەنەوە و لە هێندێک شاری ئێران خەڵک چوونە بازاڕ و هاتووچۆکانیان دەست پێ کردۆتەوە کە ئەوەش دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڕێژیمیش لەو بارەوە جارێ هیچ دژکردەوەیەکی نیشان نەداوە کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی و خەمساردیی کاربەدەستانی ڕێژیم کە ماوەی ٤١ ساڵە بێجگە لە مەرگ و ماڵوێرانی هیچ شتێکیان بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری نەهێناوە.












