ئەمریکا بەردەوام خەریکی هێنانی هێز و کەرەستەی شەڕکەر و سەربازییە لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە بۆ عێراق، کۆماری ئیسلامیش هەوڵی سازکردنی گرووپە شیعەکان دەدا بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا.
پاش چەند هێرشی حەشدی شەعبی بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەو وڵاتە دەستی بە جمووجۆڵ و چۆڵکردنی چەند بنکەیەکی سەربازی خۆی لە عێراق کردوە و هاوکات لەگەڵ هێنانی کەرەستە و فڕۆکەی شەڕکەر و لەوانە پاتریوت بۆ دوو بنکەی “عەین ئەسەد و هەولێر” بەردەوام هێزەکانی بۆ ئەو دوو بنکەیە دەگوازێتەوە و هۆشداری توندیشی بە کۆماری ئیسلامی و شیعەکانی عێراق داوە.
لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی گرووپێکی دیکەی شیعەی لە ژێر ناوی “ئەسحابی کەهف” دامەزراندووە و لە گەڵ ٨ گرووپی دیکە دژی ئەمریکا لێدوان دەدەن و هەڕەشە لە دەوڵەتی ئەمریکا دەکەن.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی و شیعەکان “عەدنان زۆرفی” بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بەربژێری ئەمریکا دەزانن هەر بۆیە هەوڵی سەپاندنی کەسێکی نیزیک لە خۆیان دەدەن لەو وڵاتەدا.












