بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە بەهۆی پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا و بەهۆی مانەوەی بنەماڵەکان بە تایبەت پیاوان لە ماڵەوە، توندوتیژی دژی ئافرەتان زیادی کردوە و دەبێ ژنان پارێزراو بن.
بەرپرسی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ” ئانتۆنیۆ گوتیرش” ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، لە وتارێکدا کە لە فرانس پرێس بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند کە بە هۆی پەرەسەندنی پەتای کۆڕۆنا و کەم بوونەوەی داهاتی بنەماڵەکان، هەروەها دڵەڕاوکێ و ترس و لەماڵدا مانەوەی زیاتری ئەندامانی بنەماڵەکان مەترسی زیاتر دەکەوێتە سەر ژنان و توندوتیژی دژی ئەوان پەرەدەستێنێ، هەربۆیە داوای ئاشتی لە ئەندامانی بنەماڵەکان و دانبەخۆداگرتنی هەموو لایەکی بۆ پێشگرتن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کرد.
جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو جەختی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بە هاوکاری هەموو وڵاتان و خەڵکی جیهان کرد و وتی ئێستا کاتی ئاشتی و ئاشتبوونەوەیە.












