لە کاتێکدا کۆڕۆنا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر تەشەنە دەستێنێ و بووەتە مەترسی لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی و ڕۆژانە بە هەزاران کەس تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و بە دەیان کەسیش گیان لەدەست دەدەن ، لەم پێوەندییەدا نیگەرانییەکان لەسەر کەسانی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان کە بێ ماڵ و حاڵن لە ئێراندا زیادی کردوە.
“ئەنوشیروان محسنی بندپی” پارێزگاری تاران، ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی بە ئاماژە دان بەوەی کە “لە ڕۆژی یەکەمی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە ١٠ هەزار گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر لە ناوەندەکانی چارەسەری ڕاگیراون” گوتی: زیاتر لە ٥ هەزاریان کە ماوەی شەش مانگەی ڕاگیرانیان بەسەر چووبوو، بەردراون و ئەمەش مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێو گیرۆدەبووانی ماددەی هۆشبەر زیاتر دەکا و هۆکاریشن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ نێو خەڵک.
شایانی باسە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەهۆی کەمتەرخەمی و بێ بەرنامەیی دەسەڵات کێشە و مەترسییەکان ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبوون دان و ئەمەش نیگەرانییەکانی لای خەڵک زیاتر کردوە.