لە کاتی بەخاکسپاردنی” هێلین بولەک ” هونەرمەندی باکووری کوردستان کە بە هۆی مانگرتنەوە لە زیندانەکانی تورکیەدا گیانی لەدەست دا، بە هۆی وتنەوەی دروشمی دژی دەوڵەتی تورکیە و ئەردۆغان لە لایەن خەڵکەوە هێزە ئەمنیەکانی تورکیە گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و دەیان کەسیان دەستبەسەر کرد و تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵک و پۆلیسدا ڕوویدا.
هێلین بولەک گۆرانیبێژی ناسراوی گرووپی “یوروم” لە تورکیە ماوەی ٢٨٨ ڕۆژ لە دژی بڕیاری قەدەغەی کاروچالاکی ئەو گرووپە و هەروەها دەستبەسەرکرانی ژمارەیەک لە ئەندامەکانیان مانی لە خواردن گرت و لە کۆتاییدا بە هۆی مانگرتنەوە گیانی لەدەست دا.
هێلین بولەک خەڵکی دێرسیمى باکووری کوردستان بوو، یەکێک بوو لە گۆرانیبێژەکانى گرووپى مۆسیقى “یوروم”، بولەک لەگەڵ ئیبراهیم کوگچکى ئەندامى هەمان گرووپ، نزیکەى ساڵێ مانیان لە خواردن گرتبوو.
ئەم گرووپە ساڵى ١٩٨٥ دەستى بە کار کرد. سەرەتا لە لایەن چوار خوێندکارەوە دامەزرا و ئامانجیان کاردانەوە بوو بەرامبەر بە کودەتاچییەکانى تورکیە و ڕایانگەیاند کە چالاکییە هونەرییەکانیان لە خزمەت “خەڵکى سەرکوتکراوى تورکیە و سەراسەرى دونیا دەبێت و بۆ ئازادى هەموو مرۆڤێک” چالاکى دەکەن. پێنج ساڵ دواى دروستبوونى گرووپەکەیان، تورکیە یەکێک لە گرنگترین کودەتاکانى مێژووى بە خۆیەوە بینى.