نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ئەمجارەیدا باسی لە دۆخی قەیراناوی لە جیهاندا کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەوانەیە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە برسییەتی لە جیهاندا بە ڕاددەیەکی زۆر پەرەبسێنێ و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە.
لقی بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی کردوە، لەوانەیە بەربڵاوی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ببێتە هۆی ڕوودانی قەیرانی برسییەتی.
“بتینا لوشر” وتەبێژی ئەو دامەزراوەیە لە نووسینگەی ئاڵمان بە ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاند، ئێمە ترسی ئەوەمان هەیە ئەوە ببێتە قەیرانێکی یەکجار گەورە و مەترسیدار.
بەرنامەی جیهانیی خۆراک تا ئێستا پێویستیی زیاتر لە ٨٧ میلیۆن کەسی لە ٨٠ وڵاتی جیهان دابین کردوە.
شایانی باسە کە بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە لە سەردەمی شەڕ، وشکەساڵی، لافاو و گۆڕانکاری هەوا لە هەموو کات زیاترە و ئێستا لێکەوتەکانی کۆڕۆناش هاتووەتە سەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە جیهاندا ڕوودەدەن.