پێشنوێژی نوێژی هەینیی شاری قوم: کۆرۆنا کاری جندۆکەیە
بەرنوێژی هەینی شاری قوم “شەمسامەدین قەوامی” بەرنوێژی هەینی شارەکی “پەردیسانی” قوم ڕۆژی هەینی ١٥ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند، لەوانەیە کۆرۆنا کاری جندۆکە بێ و باشترە کە دەستە و داوێنی ئیمامی زەمان بین.
پاش ئەوەی کە پەتای کۆرۆنا لە سەرەتاکانی ڕێبەندانەوە لەلایەن کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان و سپای پاسدارانەوە بەدیاری بۆ خەڵکی ئێران هات و کۆماری ئیسلامی بە شاردنەوە و بە مەبەستی ئامانجەکانی خۆی لە پەرەپێدانیدا یارمەتی کۆرۆنایدا، پاشانیش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و لە سەرووی هەموویانەوە خامنەیی وەکوو جاران بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەیان خستە ئەستۆی دوژمنان و بەتایبەتی ئەمریکا و بە هێرشی بیولۆژیکی ناویان برد، بەوەشەوە نەوەستان و خودی خامنەیی باسی جندۆکەی کرد و تەنانەت باس لەوە کرا کە لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمدا بۆ چەواشەکاریی گرووپێک بە ناوی “بەرپەرچدانەوەی هێرشی جندۆکە” پێکهاتبوو.
ئێستاش ئاخوندێکی قومی پاش داخرانی هەموو بارەگاکانی مەزهەبی و لەبارنەبوونی داهاتی ئابوورییان دیسانیش دەستە و داوێنی ئیمامی زەمان دەبن بۆ دەرچوون لە قەیرانی کۆرۆنا و بە کاری جندۆکەی دەزانن لە حاڵیکدا خۆیان لە باشترین پزیشک و ئیمکاناتی پزیشکی کەڵک وەردەگرن.