ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە هەموو جیهانی بەخۆیە خەریک کردووە بۆتە مەترسیەکی گەورە لەسەر ژیانی کۆمەڵگە و تا ئێستاش چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە.
کۆڕۆنا کە ئەمڕۆ زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە و تا ئێستا تەنیا ڕێگەی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە مانەوەیە لە ماڵەکاندا و داخستنی دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان.
دکتر تدروس آدانوم گبریسوس سکرتێری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لەسەر هەڵگرتنی قەرەنتینە هۆشداریی دایە وڵاتانی جیهان و ڕایگەیاند کە نابێ لە هەڵگرتنی قەرەنتینە پەلە بکەن چونکە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئابووری جیهان زیاتر بەرەو داڕمان بەرێ.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاوکراونەتەوە و بە سەعات ئامارەکان لە زیاد بووندان، تا ڕۆژی هەینی ١٥ی خاکەلێوە تووشبوانی ڤایرۆسەکە لە یەک میلیۆن کەس تێپەڕیوە و ٥٥ هەزار کەسیی کوشتوە و چوار میلیارد ئینسانیشی لە کونجی ماڵەوە خزاندووە. لە ئیتالیا تا ئێستا ژمارەی قوربانیان لە ١٤ هەزار کەس تێپەڕیوە و لە ئیسپانیاش زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی کوشتوە.
لە ئێران ژمارەی تووشبوان گەیشتۆتە نزیک بە ٨٠ هەزار کەس و ٥٩١٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تا ئێستاش کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئاماری دروستی تووشبوانی کۆڕۆنایان ڕانەگەیاندوە.
لەگەڵ ئەوەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەوڵەتی ئەمریکا خوازیاری هاوکاری خەڵکی ئێران بوون، بەڵام تا ئێستاش کۆماری ئیسلامی ڕێگەی نەداون و زۆر کەس و لایەنیش ڕایانگەیاندووە و داوایانکردووە کە هاکارییەکان با ڕاستەخۆ بگەنە خەڵکی ئێران چونکە دەوڵەت جێگەی باوەڕ و متمانەی خەڵکی ئێران نییە و هەموویان لەسەر ئەو باوەڕن کە کۆماری ئیسلامی هاوکاریی مرۆییەکان بۆ مەبەستە تایبەتییەکانی خۆی بەکار دێنێ و ناهێڵی بگەنە دەستی خەڵکی ئەم وڵاتە.
حەسەن ڕووحانی بڕیاریداوە بۆ پێشگیری لە داڕمانی زیاتری ئابووریی ئێران بەشێک لە کرێکارانی کارگەکانی ئێران لە کارەکانیان بەردەوام بن، بەڵام وەزیری تەندروستیی ئێران دژی ئەم بڕیارەی رووحانی وەستاوەتەوە و پێی وایە ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێراندا.
بۆریس جانسۆنی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆڕۆناوە هەروا قەرەنتینەیە و قەرارە ڕۆژی یەکشەممە شاژنی بریتانیا لە پێوەندی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا قسە بۆ خەڵکی وڵاتەکەی بکا.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا لە جیهاندا بۆ یەکەم جار مناڵێک ناونرا کۆڕۆنا و کۆمپانیای بیرەی کۆڕۆناش لە مەکزیک بەهۆی ناوەکەیەوە داخرا.












