مانای پێشکه‌وتووی مافه‌کانی مرۆڤ له سه‌ره‌تاکانی چاخی مۆدێرن و هاوکات ده‌گه‌ڵ “سکۆلاریزاسیۆن”ی ئورووپایی له ئاکاری جووله‌که-کریستییان به‌ربڵاوتر بووە و گه‌شه‌یه‌کی خێرای به‌خۆوه بینیوە.
له ڕاستیدا مافی مرۆڤ له هه‌ناوی مافه‌کانی سرووشت هه‌ڵقوڵاوه و وه‌رگیراوه، ئه‌و بۆچوونه‌ی که له‌وێدا هێزی یاسادانه‌ر به شێوازێکی به‌رهه‌ست و لۆژیکی کورت نابێته‌وه. به‌پێی ئه‌م قوتابخانه‌یه، ژیربێژی مرۆیی، بنه‌ماکانی یاسا و ڕێسا له سرووشت وه‌رده‌گرێ و به ڕێچکه‌ی یاسای سروشت دا ده‌سته‌به‌ری جێبه‌جێ بوون وه‌ده‌ست دێنیت و له ڕاستیدا به به‌شێک له نه‌ریتی مافه‌کانی سرووشت چاخه‌کانی نێوه‌ڕاست دێته‌ناسین و پێناسەی بۆ دەکرێ، که له ده‌ورانی ڕه‌وشه‌نگه‌ری له لایه‌ن فه‌یله‌سوفانی وه‌ک “جان لاک”، “فرانسیس هاچسۆن”، “ژان ژاک ڕۆسۆ” و… هه‌تا ڕاده‌یه‌کی زاف مانای مۆدێرنیان به‌خۆوه گرت و، له وێژه‌مانی سیاسی و شۆڕشی ئه‌مریکا و شۆرشی فه‌ڕانسه سه‌رنجی کۆمه‌ڵگەی جیهانی و فەیلەسووفانی وەچەی نوێی بۆ لای خۆی ڕاکێشا؛ هه‌ربۆیه‌م به‌م ڕوانینه، نێرینی مۆدێرنی مافه‌کانی مرۆڤ، له ماوه‌ی نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م، ڕۆنرا. له‌م ده‌ورانه وێژمانگهلی سیاسیی چووه سه‌ر زاران و بووه ده‌ستووری کاری زۆرێک له ده‌وڵه‌تانی جیهانی.
به‌پێی به‌رایی جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌کانی مرۆڤ: چوونکی بەڕەسمی ناسینی وه‌جی خۆیی(منزلت ذاتی) و مافی یه‌کسان و ڕانه‌گوازراوی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌شه‌ری بناخه‌ی ئازادی، دادپه‌روه‌ری و ئاشتییه له جیهان و، به گوێره‌ی بڕگه‌ی یه‌که‌می ڕاگه‌یه‌نراوی جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌کانی مرۆڤ، هه‌موو ڕۆڵه‌کانی مرۆڤ به ئازادی له‌دایک ده‌بن و له بواری جێگه و پێگه‌ی مافه‌کان ده‌گه‌ڵ یه‌کتر به‌رامبه‌رن؛ هه‌موویان له ئاوه‌ز، وریایی و ویژدان به‌شی خۆیان وه‌رگرتوه و ده‌بێ ده‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌ستی برایه‌تیان هه‌بێ.
بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ
بێگومان ئه‌مڕۆ مافه‌کانی مرۆڤ، وه‌ک پێویستییه‌کی هه‌نووکه‌یی باسی لێده‌کرێ و سه‌رجه‌م وڵاتان و کولتووره‌کانیش واپێشان ده‌ده‌ن که پێی ده‌روه‌ستن. هه‌ربۆیه وه‌ک تشتێکی هه‌ره‌پێویست که ژان و زامی مرۆڤه‌کان کەم ده‌کاته‌وه، سه‌رنجی هه‌موولایه‌کی بۆ پێداویستییه‌کانی سه‌ره‌کی بنیادەم و ساڕێژکه‌ره‌وه‌ی برینه‌کانی مرۆڤ، نه‌ک هه‌ر که‌متر ڕه‌خنه‌ی لێده‌گیرێ به‌ڵکوو خه‌ریکه وه‌ک نه‌ریتێکی لێبێ. به‌ڵام پرسیاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌مه‌یه که، به چ به‌ڵگه و ڕێسایه‌ک ده‌بێ حه‌تمه‌ن ئه‌و مافانه‌ی که ئازاری مرۆڤه‌کان ده‌شکێنی یان هه‌ر نه‌بێ که‌م ده‌کاته‌وه و ده‌بێته هۆی ده‌ست وێڕاگێشتن به ده‌رفه‌ت و هه‌لی باشتر، بۆ هه‌موو مرۆڤێک به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی بیروباوه‌ڕی ئۆلی، ڕه‌نگی پێست و ڕه‌گه‌زی، ده‌بێ بپارێزرێ. به‌جۆرێکی دیکە بۆ ده‌بێ وه‌ها مافێکی مه‌زن بۆ مرۆڤ ده‌سته‌به‌ر بکرێ؟
هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌یکه له به‌شی یه‌که‌مدا باسمان کرد، مافه‌کانی مرۆڤ له جۆری مافی ڕه‌وشتی و سرووشتین و به‌سه‌ر هه‌موو مافێکییه‌وه‌ن، واته سه‌رتر له‌هه‌ر مافێکی ده‌ستکرد و دانراون و یاساگه‌لی ڕۆنراو ده‌بێ ئه‌م ڕێسا سرووشتیانه بپارێزێ. پرسیارێکی دیکەش دێته ئاراوه، باشه بۆچی ئه‌م یاسایانه زۆریان به‌سه‌ر ڕێسا ڕۆنراوه‌کانی ده‌وڵه‌تین و له‌سه‌رترن؟ وڵامه‌که‌ی ڕێک ئه‌و بنه‌ما و بنچینه‌ی مافه‌کانی مرۆڤه که ئێمه لێره‌دا باسی ده‌که‌ین.
ڕه‌نگبێ که‌سێک بپرسێ، وێڕای ئه‌و هه‌مووه یاسایانه و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ که هێمای به‌ڵێنی و ڕێکه‌وتنی حکومه‌ت و مرۆڤه‌کانه له‌سه‌ر ئه‌م ڕێساگه‌له، ئیتر چ پێویست ده‌کا که ئه‌م پرسیاره بخوڵقێ که مافه‌کانی مرۆڤ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک هه‌ڵچنراوه؟ ده‌بێ بڵێین، ده‌رک و فام له بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ ته‌نیا پرسێکی فه‌لسه‌فی_تیۆری نییه، به‌ڵکوو خاوه‌ن لێکه‌وته‌ی زانستی و بهکارهێنراویشه، چوونکه ئه‌گه خه‌ڵک داب و ده‌ستووری حقوقی وه‌ک ئه‌مرێکی دادپه‌روه‌رانه و بنیاتنراو له‌سه‌ر بناخه‌ی به‌هێزی ئه‌خلاقی و ئاکاری، وه‌ک پێویستییه‌ک بۆ ژیان دابنێن، لانیکه‌م به‌ڕێوه‌بردنه‌که‌ی ئیدی کێشه و گرفتی زۆر که‌متر ده‌بێ. باشترین شێواز و زامینی باش به‌ڕێوه‌چوونی بڕیاره‌کانی حقوقی ئه‌وه‌یه‌که، ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ژێر ئه‌و حوکمه‌دان، فه‌رمان و حوکمه‌کان به ڕوانگه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه، ئاکاری، مرۆڤیانه، پێویست و بنیاتنراو له‌سه‌ر به‌هاکانی جێ باوه‌ڕی خۆیان دابنێن. هه‌روه‌ها ئه‌گه بڕیاراتهکانی مافه‌کانی مرۆڤ شیاوی قبووڵ و له‌سه‌ر خوانی جێگه‌ی به‌رگری و ئاوه‌زپه‌سند بێ، زۆر به سانایی ده‌توانی به‌رگری له‌و بۆچوونه‌ش بکه‌ی که مافه‌کانی مرۆڤ به‌هایه‌کی ئینسانی، ئاکاری و جیهانداگره و تایبه‌ت به کلتوورێکی دیاریکراو نییه. ئێستا به‌داخه‌وه ده‌بینین له هیندێک وڵات به‌و بۆچوونه که زاراوه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ، ئه‌ساسه‌ن چه‌مکێکی ڕۆژئاواییه و تایبه‌ت به وڵاتانی پێشکه‌وتوو و یان کریستیانییه! به خۆ دزینه‌وه له به‌ها ئینسانییه‌کان و کڵاو له‌سه‌ر خۆنان به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی ئایین و سیسته‌می دیکتاتۆڕی تێدا حوکم ده‌که‌ن، دژی مافه‌کانی مرۆڤن و لهبهرامبهریشیدا ڕاده‌وه‌ستن.
له ڕاستیدا هه‌ر به‌وجۆره‌ی که ئاماژه‌مان پێدا، پرسیار کردن له باسی بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ، ئه‌وه‌یه که ئاخۆ به‌سه‌ر یاساکانی ڕۆنراو، به‌هایه‌ک به ناوی ماف بوونی هه‌یه؟ ماف له کوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ؟ چۆن و به چ بنه‌مایه‌ک ده‌توانین بگه‌ینه ئه‌م قه‌ناعه‌ته که هه‌موو مرۆڤێک ته‌نیا له‌به‌ر ئینسان بوونی، خاوه‌ن هیندێک ماف وه‌ک مافی سه‌ره‌کی و مافی ئینسانی هه‌یه؟
ئێمه له‌به‌ر درێژ بوونه‌وه‌ی باسه‌که‌مان ناچینه‌وه سه‌ر هیندێک زاراوه و شرۆڤه‌ی دیکە هه‌ر بۆیه ته‌نیا باس له‌سه‌ر سێ بنه‌ما ده‌که‌ین که وێده‌چێ زیاتر و باشتر ده‌توانێ له مه‌به‌ستی ئێمه نزیک ببێته‌وه و بتوانین ئامانجی خۆمای پێ بپێکین.
درێژەی هەیە…