دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆچی دوایی جەماڵی حەکیمئاغا سەرەخۆشیی لە مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانی و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو کردوە.
دەقی پەیامەکە بەمجۆرەیە:
بەڕێز مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان! ئەندامانی بەڕێزی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو جەمالئاغا!
دەگەڵ سڵاو و ڕێز
بە داخ و کەسەرەوە هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەری لەمێژینە هەڤاڵ جەمال حەکیمئاغامان پێگەیشت. بەم هۆیەوە بە ناوی دەفتەری سیاسی و تێکڕای ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە بەداخبوونی خۆمان دەردەبڕین و خۆمان لە غەمی لەدەستدانیدا بە هاوبەشی ئێوە دەزانین.
جێگای داخە کە بەهۆی هەلومەرجی ئێستای کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەمووان دەگەڵ پەتای کوشندەی کۆڕۆناوە دەرەتانی ئەوە نەبوو کە ڕێوڕەسمێکی شیاوی خەبات و ڕابردووی ئەو کۆچکردووە نەمرە ڕێکبخرێ تا ئێمەش توانیبامان لەنیزیکەوە لەگەڵتان بین و پێکەوە خەباتگێڕێکی وەک جەمالئاغا لەنێو خۆمان بەڕێ بکەین.
هەربۆیە وێڕای ڕێز و حورمەت بەم هۆیەوە سەرەخۆشی و هاودەردیمان پێشکەشی ئێوە و هەموو هاوڕێ و هاوخەباتەکانی و تەواوی خزم و کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی دەکەین. ئاواتەخوازین جێگای مامە جەمال بەهەشتی بەرین بێ ، تەمەنی درێژی بۆ ئازیزانی بەجێ هێشتبێ و ڕێگای وەدیهێنانی ئامانجەکانی هەمیشە پڕ ڕێبوار بێ.
دەفتەری سیاسیی
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
٠٣\٠٤\٢٠٢٠- ١٥\٠١\١٣٩٩