بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری “رویترز” گرووپێک لە هەککەرەکان کە گومان دەکرێت لەگەڵ حکوومەتی ئێران لە پەیوەندی دابن، هەوڵیان داوە ئیمەیلی بەشێک لە کارمەندانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە لە پەیوەندی لەگەڵ قەیرانی کۆرۆنا خەریکی چالاکین هەک بکەن. چوار سەرچاوەی ئاگادار باسیان لەوە کردوە کە هەککەرەکان بە ناردنی ئیمەیلی ساختە “فیشینگ’ هەوڵیان داوە سنووری کاری ئەم کارمەندانە ببڕن، ئەم هەوڵە لە ٢ی مارسەوە دەستی پێ کردوە.
وتەبێژێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەم پێوەندییەدا ئەمەی پشتڕاست کردەوە و باسی لەوە کرد کە ئیمەیلی تایبەتی بەشێک لە کارمەندەکانی ڕێکخراوەکە کەوتۆتە بەر ئەم هێرشە، بەڵام هیچ کام لەم هێرشانە سەرکەوتوو نەبوون.