ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەوەندە بەخێرایی بە جیهاندا بڵاو بۆوە کە توانی هەموو خەڵکی جیهان بنێرێتەوە ماڵەکانیان و لەکار و بازاڕ دووریان بخاتەوە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا تا ئێستاش بێ چارەسەرە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی پێکوتە یا دژە ڤایرۆس لە زۆر لە وڵاتانی جیهان بە چڕی بەردەوامە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەهۆی خێرایی لە بڵاوبوونەوە و ستاندنی گیانی ئینسانەکان، بە خولەک ئامارەکان دەگۆڕێ و تا ئێستاش ئاماری تووشبوان و مەرگی ئینسانەکان هەر لە زیادبووندایە.
لەم پێوەندییەدا “تەدروس ئەدهانوم” سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی لە لێدوانێکدا نیگەرانی خۆی لە تەشەنەسەندنی ئەم ڤایرۆسە دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەم نەخۆشییە سنووری ٢٠٥ وڵاتی جیهانی بەزاندوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی داهاتوودا یەک میلیۆن کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبن و پەنجا هەزار کەسیش گیان لەدەست دەدەن.
تەدروس ڕایگەیاند کە تا ئێستا ٩٣٢ هەزار و ٨١٧ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٤٧ هەزار و ٢٠٨ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
ژمارەی تووشبوان لە ئەمریکا گەیشتە ٢١٤ هەزار کەس کە تا ئێستا ئەمریکا زۆرترین ئاماری تووشبوانی لە جیهاندا تۆمار کردوە و ٤٧٨٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە. تەنیا لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا لە ئەمریکا ٩٢٥ کەس گیانیان لەدەست داوە.
لە ئێران کە دوای چین دووهەم وڵات بوو ڤایرۆسەکەی تێدا بلاوبۆوە، بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاو کراونەتەوە لە ٣١ پارێزگای ئێراندا بڵاوبۆتەوە و تا ئێستا ٧٠ هەزار کەس بە دەستییەوە دەناڵێنن و ٤٧٦٢ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
تا ئێستاش کۆماری ئیسلامی ئاماری دروستی قوربانییەکانی ڕانەگەیاندوە و ئەوەش بۆتە هۆی نیگەرانیی خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. وەزارەتی تەندروستی جیهانیی ئاماری قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ئێران بڵاوبۆتەوە بە دروست نازانێ و وەزیری تەندروستیی ئاڵمانیش هەر بەم هۆیەوە داوای کرد کە دەبێ بەپەلە هەموو گەشتەکانی ئێران بۆ وڵاتی ئاڵمان ڕابگیرێن.
هەر بەهۆی وڵام نەدانەوەی کۆماری ئیسلامی بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئازاد کردنی زیندانییەکان بە تایبەت زیندانیانی سیاسی، تا ئێستا لە چەند زیندانی ئێران زیندانییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و دەیان کەس هەڵاتوون و چەند کەسێکیش بەدەست پاسەوانەکانی زیندانەکان کوژراون.