بەرپرسانی حەوت ڕۆژنامەی چاپکراو لە ئێران لە نامەیەکدا داویان لە حەسەن ڕۆحانی کردوە کە فەرمان بە ناوەندی بەربەرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەسەر داواکاری ئەوان ڕۆژنامەکانیان ڕاگیراوە بکا کە دوبارە ڕۆژنامەکانیان بڵاو بکرێتەوە.
ئەم نامەیە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە ١١ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، ناوەندیی بەربەرەکانی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بڕیاری ڕاگرتنی کاتی بۆ چاپ و بڵاو بوونەوەی ڕۆژنامەکان و بەرتەسک کردنەوەی زیاتری زانیارییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەرکرد.
لەم نامەیەدا هاتوە کە بڵاوکراوەکان لە دۆخی قەیراناوی ئێستادا دەتوانن باشترین ڕێگە بن بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکە و گەیاندنی زانیارییەکان و هەروەها پردێکی پەیوەندی باوەڕپێکراو لە نیوان بەرپرسان و خەڵکدا.
هەروەها ئەو کەسانەی ئەم نامەیان ئیمزا کردوە، ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان لە وڵاتانی ئورووپایی لەگەڵ بوونی قەیرانی کۆرۆناشدا دانەخراون، بۆیە ئەم بڕیارە ڕۆژنامەوانان دەخاتە پەراوێزەوە.
هەروەها “عەباس عەبدی” بەرپرسی ئەنجوومەنی سێنفی ڕۆژنامەوانان لە ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ ” بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری، لەگەڵ داخستنی ڕۆژنامەکان و بێ متمانەیی بە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی” هۆشداری دا، لە لایەکی تریش ” مێهدی ڕەحمانیان” بەرپرسی ڕۆژنامەی “شرق” گوتبووی کە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی بێکاری ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسان.
شایانی باسە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بەو بڕیارە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان بگرێ، چونکە نەک هەر نایەوێ ئامار و داتای دروست بە خەڵک بدا، بەڵکوو دەیهەوێ بە شاردنەوەی ڕاستییەکان قەیرانەکان قووڵتر بکاتەوە و تا ئێستا دەیان کەسی لە شارە جیاجیاکانی ئێران بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئاماری دروست سەبارەت بە کۆرۆنا، دەسبەسەر کردوە.