لە ساڵی ڕابردوودا ئێران بێجگە لە کوشتاری سەدان کەس لە شەقامەکان، ۲٨۰ کەسیشی ئیعدام کردوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە دوازدەهەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند: ئێران بە ۲٨۰ ئێعدام لە ساڵی ڕابردوودا ئێستاشی لەگەڵ بێ یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ڕێژەی ئێعدامی تێدا بەڕێوە دەچێ. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە سەتا٧٠ی ئەم ئێعدامانە لەلایەن بەرپرسانی فەرمیی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراون و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ڕێگەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانیەوە توانیویەتی دەستی بەم ئامارانە ڕابگا و پشتڕاستیان بکاتەوە.
لە سەتا ٨٠ی کۆی ئێعدامەکانی ساڵی ۲۰۱۹ی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ کوشتنی بەئەنقەستدا بووە ” ئەو ئێعدامانەی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، لەسەر شانی خۆیانی دادەماڵن و دەیخەنە ئەستۆی یاسای سزای ئیسلامی و بنەماڵەی کوژراوەکان.”
بەڵام ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێ: “بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بڕیاردان لەسەر ئەم دۆسییانە و کەسی بکوژ دەبێ لە ئەستۆی دەزگای داد بێ، نەوەک بنەماڵەی کوژراو.”
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە ئیعدامی منداڵان کراوە کە یەکێک لە بابەتەکانی تری جێی ڕەخنەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤە کە کەسانێک لە کاتی ئەنجامدانی هەر تاوانێک ئەگەر تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمتر بێ نابێ ئیعدام بکرێن، چونکە ئەمە پیچەوانەی کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی منداڵانە، کۆنوانسیۆنێک کە ئێران لە ساڵی ١٣٧٢ ئیمزای کردوە. بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ڕابردوو بە لانیکەم چوار منداڵ لە ئێران ئیعدام کراون.
هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە ئێعدامە سیاسییە بەلێشاوەکانی ساڵی ٦۷ دەکا. ئەو ئێعدامانەی کە لە دوای سی ساڵ ئێستاش پەردەیان لەسەر لانەدراوە و پرسیاری زۆریان لەسەر هەیە، ئەوە لە کاتێکدایە ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر ڕێژە و شوێنی ناشتنیان کە ژمارەیەک لەوان بڕیاری ئێعدامیان لەسەر نەبوو و هەر لە زیندان بۆ تێپەڕاندنی ماوە زیندانییەکەیان مابوونەوە لە بەردەستدا نییە.
لە درێژەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێراندا باس لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ کراوە و ڕەخنەیان لەو جۆرە هەڵسوکەوتە سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتدارانی ئێران گرتوە کە بە سەدان کەس بە گوللەی ڕاستەوخۆی هێزەکانیان لەسەر شەقامەکان کوژراون.
ئێعدام پێشێلکردنی مافی ژیانە، پێشێلکردنی بنەڕەتیترین مافی هەر مرۆڤێکە، مەرگێکی لەپێشدا دیاریکراو کە بڕیارەکەی لەلایەن دادگا و سەرۆکەکەیەوە دەدرێ و، پارێزەرانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەبێ جێگرەوەیەک بۆ ئەم بڕیارە هەبێ.
لە پێوەندی لەگەڵ ئێران کە زۆرترین ئێعدامەکانی دنیا لەم وڵاتەدا بەڕێوە دەچێ، ئەم بابەتە هەمیشە جێگەی ڕەخنە و سەرنجی پارێزەرانی مافی مرۆڤە.