پارێزەرێک هەوڵەکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی لە پێوەندی لەگەڵ بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی کۆرۆنا لە زیندانەکاندا بە “هەنگاوێکی سست و درەنگ وەخت” هەڵسەنگاند.
ئەم پارێزەرە بە ڕەخنەگرتن لە هەنگاوەکانی دەزگای دادی ئێران لە بەرابەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکانی ئێران، دەڵێ زیندانییەکان لەگەڵ مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەوڕوون.
پارێزەر “ساڵح نیکبەخت” لە گفتوگۆیەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، بە ئاماژەدان بە زیادبوونی ئاماری قوربانییان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە زیندانەکاندا گوتی: ” لە ئێستادا زیندانەکانی ئێران بە هۆی زۆری ژمارەی زیندانیان، مەودای نزیکی لە نێوان زیندانییەکاندا و نەبوونی ئیمکاناتی پێویستی تەندروستی، مەترسیدارترین شوێنن بۆ بڵابوونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە” .
بە وتەی ئەم پارێزەرە زۆری ژمارەی زیندانییان بە بەراورد لەگەڵ شوێنی مانەوەیان وایکردوە بەرکەوتنی فیزیکی لە نێو زیندانییەکاندا زۆر بێت، تەنانەت ئاماژەی بەوە کردوە ئەگەر سەد هەزار زیندانییش ئازاد بکرێن ئێستاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەتوانێ مەترسی بێت بۆ گیانی زیندانیان.
هەروەها ئاماژەی بەو شۆرش و نائارامی و سەرهەڵدانانەی ئەم دواییانە لە زیندانەکانی ئێران کرد کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوویانداوە و هۆکاری ئەو نا ئارامییەی لە زیندانەکانی ئێران بۆ کەمتەرخەمی و پێڕانەگەیشتنی بەرپرسان لە زیندانەکاندا گەڕاندەوە.
ساڵح نیکبەخت کە تا ئێستا پارێزەری چەندین زیندانی سیاسیی لە زیندانەکانی ئێران بووە گوتی کە هەنگاوەکانی دەزگای دادوەری لە پێوەندی لەگەڵ زیندانییانی سیاسی ” هەنگاوێکی سست و درەنگ وەخت” بوو و لە ئێستادا نیگەرانی ئەو ئەوەیە ئەگەر هەرچی زووترە ژمارەی زیندانیان بۆ یەک لە هەشت کەم نەکرێتەوە، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە زیندانەکان مەترسی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.