وتەبێژی شاندی سەرۆکایەتیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی کۆرۆنا بوون.
” ئەسەدوڵڵا عەباسی” وتەبێژی شاندی سەرۆکایەتیی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە لە ١٠٠ نوێنەری مەجلیس کە تێستی نەخۆشی کۆرنایان بۆ کراوە، ٦٣ کەس لەوان تووشی ڤایرۆسەکە بوون یان گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەیان لەسەرە.
بە پێی سەرچاوەی هەواڵدەری “تسنیم” ی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناوبراو ڕایگەیاندوە تیمێکی پزیشکی تێستی نوێنەرانی مەجلیسیان کردوە و لە دەرئەنجامی ئەو تێستە دەرکەوتوە کە لە ١٠٠ نوێنەری مەجلیس تەنیا ٢٣ کەس لەوان تێستەکەیان موسبەت بووە.
هەروەها لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لە دەرئەنجامی تێستی نوێنەرانی مەجلیس دەرکەوتوە کە ٤٠ لەوانەی تەنیا گومانی تووشبوون بەو ڤایرۆسەیان لەسەر بوو، ئەوانەن کە یان پێش ئەنجامدانی تێستەکە تووشی ڤایرۆسەکە ببوون و پێیان وابوو کە تووشی سەرماخوردەگی و ئانفولونزا بوون، یان ئەوانە بوون کە نیشانەکانی نەخۆشییەکە تێیاندا دەرنەکەوتبوو.