کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی قەیرانی کۆرۆناشدا دەست لە ئاژاوەگێڕییەکانی هەڵناگرێ و داوای لابردنی گەمارۆکانیش دەکا.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا بە کوڕووزانەوە داوای هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو ڕێژیمە دەکا کە بەشێکی زۆری پارەی وڵات خەرجی ئاژاوەگێڕی و شەڕخوازییەکانی لە ناوچەکەدا دەکا.
“محەممەد جەواد زەریف” وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە تازەترین تویتیدا نووسیویەتی: ” لەم کاتەدا کە پەتای کۆڕۆنا تەنگی بە خەڵکی جیهان هەڵچنیوە و خەڵکی ئێران بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە ناتوانن وەکوو پێویست ڕووبەڕووی ئەو پەتایە ببنەوە ئەمە جینایەتە کە ئەمریکا دژی خەڵکی ئێران دەیکا و دنیا خەریکە لە پێوەرە ئەخلاقییەکانی دوور دەکەوێتەوە”.
ناوبراو لە حاڵیکدا باسی ئەخلاق و ژیانی خەڵکی ئێران دەکا کە خودی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بوون کە بە شاردنەوەی پەتاکە و قەرەنتینە نەکردنی قوم و ڕانەگرتنی هاتووچۆ بۆ چین و هێنانی ئاخوندی چینی بۆ قوم، هۆکاری سەرەکی هەموو بەڵایەکن بۆ سەر خەڵکی ئێران. لە لایەکی دیکەوە هیچ گەمارۆیەک لەسەر دەرمان و پێداویستی پزیشکی نییە و تەنیا درۆی کۆماری ئیسلامییە. ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو کە یارمەتییەکانی ئەمریکای ڕەت کردەوە و تەنیا داوای پارە دەکا بۆ پەرەپێدانی تێرۆریزم و دزی و گەندەڵی و پزیشکانی بێسنووری لە ئێران دەرکرد و ڕێبەرەکەیان باسی جندۆکە و شەڕی بیولۆژی دەکا.
ئەم تویتەی زەریف لە کاتێک دایە کە کۆماری ئیسلامی دەستی لە هیچ ئاژاوەگێڕییەک لە ناوچەکە و جیهان و تەنانەت لە ئێرانیشدا هەڵنەگرتووە و دەیهەوێ شکەستەکانی خۆی هەروەک پێشوو بخاتە ئەستۆی ئەمریکا. لە لە کاتێکدا کە خەزێنەی میللی کە لە ژێردەستی خامنەییدایە ٢٠٠ میلیارد دۆلار پارەی تێدایە، بەڵام خەڵکی ئێران بە هەژاری و برسیەتی ژیان بەسەر دەبەن و ئەو پارەیەش بۆ خزمەتی خۆیان و کردەوە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕییەکانیان لە جیهان و ناوچەکەدا بەکار دێنن.