ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی کوردستان بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.
لەبەرەبەری ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و نووسینی دروشم یادی ئەو ڕۆژە مێژووییەیان بەرز ڕاگرت.
ئەندامانی حیزب لە شارەکانی سنە، بۆکان، ئاوایی سەراو شارکی حوسێناوای سنە و چەند شار و ناوچەی دیکەی کوردستان بەنووسینی دروشم و بڵاو کردنەوەی تراکت ڕێزیان لەو ڕۆژە مێژووییە گرت.
ئەندامانی حیزب هەموو جارێ لە ڕۆژە مێژووییەکاندا، بۆ ڕێزگرتن و بەرز ڕاگرتنی ئەو یادانە، فیداکارانە لە زۆر شوێنی هەستیاری کوردستان و لە حاڵێکدا کە بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوردستانیان میلیتاریزە کردووە و بەچاوی ئەمنییەتییەوە سەیری کوردستان دەکەن و لە گوند و شاخ و شار و شەقەمەکانی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، دروشم دەنووسن، تراکت و پۆستێر بڵاو دەکەنەوە و ئاڵای کوردستان هەڵدەدەن و لە بۆنەکانی وەک نەورۆز و ٢٥ی گەلاوێژدا ئاگر دەکەنەوە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەوپەڕی سپاس وپێزانینەوە، فیداکاری و لەخۆبوردوویی ئەندامانی حیزب بەرز دەنرخێنی و ئاواتەخوازە کە هەروا لەسەر ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان بەردەوام بن و هەروا دڵسۆزانە یادی ڕۆژە مێژووییەکان بەرز ڕابگرن.











