لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا ٧ جار لە بەندیخانەکانی ئێراندا سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی و تێکهەڵچوون لە نێوان زیندانیان و پاسەوانانی زیندان ڕوویداوە، هێزەکانی ڕێژیم تەقەیان لە بەندییەکان کردووە و دەیان کەس لە بەندکراوان لە بەندیخانەکاندا هەڵاتوون و چەند کەسیش کوژراون و بریندار بوون.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە نێوخۆی ئێراندا، خراپی دۆخی زیندانەکان و نەبوونی کەمترین ئیمکاناتی تەندروستی و هەروەها مەترسی کۆرۆنا لەسەر گیانی زیندانییەکان، کەمتەرخەمی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئاست پاراستنی گیانی زیندانییەکان، هۆکاری سەرهەڵدان و هەوڵدان بۆ هەڵاتنی زیندانییەکانە و تا ئێستا لە شارەکانی خوڕەم ئاوا، ئەلیگوودەرز، تەورێز، سەقز، هەمەدان، مەهاباد و دواتریش شیراز سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی و تێکهەڵچوون ڕوویداوە، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بە پێی ئامارە نافەرمییەکان ٥ کەس کوژراون و چەند کەس بریندار و دەیان کەس توانیویانە لە زیندان ڕابکەن کە تەنیا لە سەقزدا ٧٤کەس لە زیندان ڕایانکردووە.
شایانی باسە کە لە تازەترین سەرهەڵداندا کە لە زیندانی “عادل ئابادی” شیراز ڕوویداوە ئامارە نافەرمییەکان باس لە ڕاکردنی بەشێکی زۆر لە زیندانییەکان دەکەن بەڵام بەرپرسانی حکوومەت ڕەتی دەکەنەوە کە کەسێک توانیبێتی لە زیندانی “عادل ئاباد” ڕابکا.
جێگای ئاماژەیە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و لەوانە”ڕەئیسی” سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم بە جێگای پاراستنی گیانی زیندانییەکان فەرمانی بە توندترکردنی دۆخی ئەمنی زیندانەکان کردوە و وەکوو هەمیشە زیندان و سەرکوت و کوشتنی خەڵک بە چارەسەر دەزانێ.