چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئێرانی: خامنەیی بەرپرسی یەکەمی خوڵقاندنی کارەساتی کۆرۆنایە لە ئێران
١٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نامەیەکدا خامنەییان وەکوو بەرپرسی یەکەمی کارەساتی پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا ناوبرد و حەسەن ڕۆحانیش بە شاردنەوەی ڕاستیییەکان و چەواشەکاری و هاوبەشی ناوبراو لەم کارەساتەدا ناوی هێنراوە.
نووسەرانی ئەم نامەیە جەختیان لەوە کردۆتەوە کە شاردنەوە و چەواشەکاری خامنەیی و حکوومەت و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە هەمبەر گواستنەوە و پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا بە مەبەستی بەشداریپێکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردن و ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەنداندا هەلی زێڕینی کۆنتڕۆڵی کۆرۆنای لە ئێران لەبار برد.
لەم نامەیەدا هەروەها بە ئاماژە بە قسە بێبنەماکانی خامنەیی وەکوو هێرشی بیولۆژیکیی دوژمن، بەشداری جنۆکە لە هێرشی دوژمندا و هەروەها دەرکردنی پزیشکانی بێسنوور و ڕەتکردنەوەی یارمەتییەکانی ئەمریکا نووسیویانە کە گیان و ماڵی یەک بە یەکی خەڵکی ئێران لە لایەن خامنەیی و ڕاوێژکارەکانی و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و حکوومەتی گوێڕایەڵی حەسەن ڕۆحانی و دامودەزگاکانی ڕێژیمەوە بە بارمتە گیراوە.
شایانی باسە کە وەزیری پێشووی تەندروستیی کۆماری ئیسلامی”قازیزادە” ڕایگەیاندبوو کە لە مانگی خەزەڵوەردا هاتنی پەتای کۆرۆنامان بۆ ئێران بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندبوو.
جێگای ئاماژەیە کە ١٣٠چالاکی مەدەنی و ڕووناکبیران و مامۆستای زانکۆ لە نامەیەکی سەر ئاوەڵادا و هەروەها کۆمەڵەی ئەندازیارانی ئیسلامیی ئێرانیش لە نامەیەکی دیکەدا خوازیاری سزادان و ناساندنی ئەوکەسانە بوون کە بوونەتە هۆی گواستنەوە و شاردنەوە و چەواشەکاری پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا.