لەگەڵ ئەوەی کە دەوڵەتان هەموو تونای خۆیان خستۆتەگەڕ هەتا بتوانن پێش لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بگرن، بەڵام ئەم ڤایرۆسە تا ئێستاش هەر لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە لە ووهانی چین سەری هەڵدا و بە جیهاندا بڵاوبۆوە، ئەم حەفتەیە لە شاری ووهان دوای تێپەڕاندی ژیانێکی سەخت و دژوار، هێدی هێدی ژیان بەرە و ئاسایی بوونەوە دەچێ و بەشێک لە دووکان و بازاڕەکان کراونەتەوە.
لە وڵاتی ئیتالیا تا ئێستاش ئاماری قوربانیان هەر لە بەرز بوونەوە دایە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٩٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و ژمارەی قوربانییەکان لە ١٠ هەزار کەس تێپەڕیوە . لە وڵاتی ئێسپانیاش دوای ئیتالیا ئاماری قوربانیان هەر لەبەرز بوونەوە دایە. لە وڵاتی ئەمریکا لە هەموو وڵاتێک زیاتر ئاماری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای تێدا تۆمار کراوە و لە ١١٦ هەزار کەس تێپەڕیوە، ئاماری قوربانیان تا ئێستا لە ٢٠٠٠ کەس تێپەڕیوە و ڤایرۆسەکەش بەخێرایی لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە. بەپێی لێدوانەکانی دەوڵەتی ئەمریکا قوربانیانی ئەم ڤایرۆسە تا ٣ حەوتووی دیکەش هەر لەبەرزبوونەوە دایە.
لە ئێرانی ژێردەسەلاتی ڕێژیمی ئاخوندیدا ئاماری تووشبوان و مردن بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕۆژانە لە پەرەسەندندایە و ڕێژیم بە جێی ئەوەی کە لە فکری چارەسەریی ئەم نەخۆشییەدا بێ، هەر خەریکی کردنەوەی بنکە و دامەزراوەی نوێیە بۆ سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی خۆی.
کۆماری ئیسلامی تا ڕۆژی شەممە ژمارەی قوربانییەکانی ٢٥١٧ کەس و ژمارەی تووشبوانی بە ٣٥ هەزار و ٤٠٧ کەس ڕاگەیاندوە، بەڵام هەواڵە نافەرمییەکان و ناوەندە ناحکوومیەکان ئەم ئامارەی دەوڵەت بە ڕاست نازانن و پێیانوایە ژمارەی تووشبوان و قوربانیان زۆر لەوە زیاترە کە ڕێژیم باسی دەکا و دەڵێن تا ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلیوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، ٤٢٩٨ کەس مردوون و ٦٧ هەزار کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون و زۆرترین ئاماری مردنیش لە تاران تۆمار کراوە. .
لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە قومی ناوەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی ٤١ ساڵەی ئێران، زۆر کەس و لایەن داوایان لە دەوڵەتی ڕووحانی کرد کە قوم قەرەنتینە بکرێ بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەت هەر بە هەمان بیری کۆن و دواکەوتوانە بڕیاریاندا و لە ئاکامدا هەموو ئێرانی گرتەوە و ئێستا ناچارن بە هێزی سەربازیی هەموو شارەکانی ئێران قەرەنتینە بکەن و ئەمەش دۆخی ئێران و ژیانی خەڵک بەتایبەت ژیانی خەڵکی هەژار بەرەو قەیرانێکی دیکە دەبا و جارێ هیوایەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە بەدی ناکرێ.