دوای ئەوەی کە بنەماڵەی “ڕابێرت لوینسۆن” هەواڵی مەرگی ناوبراویان بڵاوکردەوە، ئەمریکا بەجیددی خەریکی بەدواداچوونی چارەنووسی لوینسۆنە.
پاش ئەوەیکە ڕۆژی ٦ی خاکالێوەی ٩٩ی هەتاوی، بنەماڵەی “ڕابێرت لوینسۆن” هەواڵی مەرگی ناوبراویان بڵاوکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا کۆماری ئیسلامی بە بکوژی ناوبراو دەزانن و داوای ڕوونکردنەوە و ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو زیندانییە ئەمریکاییەکان لە زیندانەکانی ئێراندا دەکەن.
“مایک پۆمپێئۆ” ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی خاکەلێوە ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی بەرپرسی مەرگی ڕابێرت لوینسۆنە و تەنیا ئەو ڕێژیمە دەزانێ کە چی بەسەر ڕابێرت هاتوە.
پۆمپیئۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “ڕابێرت ١٣ ساڵ پێش و لە لایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە لە دوورگەی “قشم” دەسبەسەر کرا و پاش ١٣ ساڵ ئەشکەنجە و ئازار لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە زیندانەکانی ئەو ڕێژیمەدا گیانی لەدەست داوە”.
هەروەها ترامپ گوتویەتی یەکێک لەسەرەکیترین بەرنامەکانی ئێمە ڕوونکردنەوەی چۆنییەتی گیانلەدەستدان و چارەنووسی ڕابێرت لوینسۆن و هەموو ئەو ئەمریکاییانەی کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا نادادپەروەرانە زیندانی کراون و دەبێ ئەو ڕێژیمە وڵامدەری چارەنووس و گیانی زیندانییە ئەمریکاییەکان بێ.
شایانی باسە، ڕابێرت لوینسۆن کە خانەنشینکراوی پۆلیسی فێدراڵی ئەمریکا بوو ١٣ ساڵ پێش بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی قاچاخی جگەرە چووەتە دوورگەی قشم و لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە .