پاش ڕەتکردنەوەی داوای زۆربەی زیندانییەکانی ئێران بۆ چوونە دەرەوەی بەمەرج لە زیندانەکانی ئێران و بە تایبەت زیندانیانی سیاسی، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لە ٦ بەندیخانەی ئێران تیکهەڵچوونی چەکداری ڕوویداوە و دەیان زیندانی لە زیندانەکانی ئێران هەڵهاتوون.
پاش ناڕەزایەتی و تێکهەڵچوون لە بەندیخانەی “خوڕەم ئاوا” و “ئەلیگوودەرز” لە پارێزگای مەرکەزی و هەڵاتنی چەندین کەس لە زیندانییەکان ئەم تێکهەڵچوون و ناڕەزایەتییانە بەندیخانەی شارەکانی تەورێز، سەقز، هەمەدان و مەهابادیشی گرتەوە و لە تازەترین هەواڵدا باس لە هەڵاتنی دەیان زیندانی لە زیندانەکانی سەقز و هەمەدان و مەهاباد دەکرێ.
شایانی باسە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ٧٤ کەس لە سەقز لە بەندیخانەی ئەو شارە هەڵاتن و شەوی ڕابردووش باس لە هەڵاتن و تێکهەڵچوونی چەکداری لە زیندانەکانی هەمەدان و مەهاباددا دەکرێ، بە پێی هەواڵە نافەرمییەکان زۆرکەس توانیویانە لە زیندان ڕابکەن و چەند کەسیش کوژرا و برینداری لێکەوتۆتەوە. هەرچەند هەڵاتنی زیندانییەکان لە بەشێک لە زیندانەکان گومانی لەسەرە و وێدەچی دەستی کاربەدەستانی ڕێژیمی تێدابێ بەڵام هەڵاتن لە زیندان هەقی هەر زیندانییەکە.
لە ئێران بە هەزاران کەس بە تاوانی ئازادیخوازی یا بەبێ تاوان لە زیندانەکانی ڕێژیمدان و دوور لە هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان گیراون، دادگایی دەکرێن، حوکم دەدرێن و لەسێدارە دەدرێن.
جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ تەقەیان لە زیندانییەکان کردوە و تا ئێستا چەند زیندانییەک گیانیان لەدەست داوە.
هەرچەند هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم هەوڵدەدەن هەموو شتێک بە ئاسایی نیشان بدەن و باس لە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکەن، بەڵام بە گشتی کۆماری ئیسلامی توانای کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەی نییە و هەر ڕۆژە بە دەست گرفتێکەوە دەستەوەستانە.