بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەربڵاو بە شارەکانی ئێراندا، ئەرکی کارگێڕانی تەندروستی دژوارترو زیاتر کردوە و بەهۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ نەخۆشەکان بەشی زۆریان تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون.
“عەبدولرەزا فازل”، بەرپرسی زانکۆی علوم پزیشکیی پارێزگای “گوڵستان” لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هەواڵدەری تەسنیم ڕایگەیاند، نزیکەی ٣٥٠ پزیشک و پەرستاری پارێزگای گولستان لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەوە تا ئێستا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە لە سەرەتای مانگی ڕەشەمە تا ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوە، ٢٨٤ پەرستار و ٤٣ پزیشک کە لە نەخۆشخانەکانی چارەسەری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریان کردوە تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون کە ژمارەیەک لەوان لە نەخۆشخانە خەوێنراون و بەشێکیشیان لە ماڵەوە قەرەنتینە کراون.
هەروەها باسی لەوەش کردوە کە ٣٧ کەسی دیکەش لە هێزەکانی خزمەتگوزاری و دەرمانی ئەو نەخۆشخانەیە کە تا ئێستاش خەریکی کارکردنن تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون کە دۆخی ٦ لەو دوکتۆرانە نالەبارە.