بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو خەڵکدا و بیستنی ئەوەی کە خواردنی مەشڕووب پێش بە تووشبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرێ، ئەلکۆلی دەسکردیان خواردۆتەوە کە بەهۆیەوە زۆر کەس ژەهراوی بوونە و هەندێکیان گیانیان لەدەست داوە.
“باقر بەهرامی” بەرپرسی ناوەندی ڕووداو و ئورژانسی پزیشکیی زانکۆی علوم پزیشکی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند، تا ئێستا ٢٦ کەس بە هۆی بەکارهێنانی مەشڕووب لەو پارێزگایە ژەهراوی بوون.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی خواردنەوەی ئەلکۆل و بەکارهێنانی بە شێوەیەکی ناتەندروست ژەهراوی بوونە گوتی: لە ٢٠ی ڕەشەمەی ٩٨ەوە تا ٩ی خاکەلێوە، ٢٦ کەس بەهۆی بەکارهێنان و خواردنەوەی ئەلکۆل ژەهراوی بوون کە لە نێویاندا ٥ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە کە ٣ لەوان ژنن و ئەوانی تر پیاون.
جێی ئاماژەیە، زۆرترین ئاماری ژەهراوی بوون لە شاری ورمێ دەستنیشان کراوە کە تا ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە ١١ کەس.
شایانی باسە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ڤایرۆسە هیچ هەوڵێک نادا و فرۆشیارانی مەشڕووبە ئەلکۆلییەکانیش ویستوویانە لەم ڕێگەیەوە سوودی زیاتر لە مەشرووب فرۆشتن وەدەست بێنن.











