پاش ئەوەیکە هێزەکانی ئەمریکا چەند بنکەیەکییان لە عێراق چۆڵ کرد، هەروەها بەشێکی بەرچاو لە کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوولگەری هەولێر ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت، عێراقییەکانی نیگەران کردووە و ترسیان لە سزاکانی ئەمریکا هەیە.
هەرچەندە ئەمریکا جموجۆڵەکانی لە عێراق بۆ هەندێک ڕێوشوێنی پێوەندیدار بە خۆیان دەگێڕێتەوە، بەڵام بەشێک لە سیاسییەکانی عێراق پێیان وایە جموجۆڵەکانی ئەمریکا، ئامادەکاریە بۆ هەندێک پێشهاتی نوێ، کە چاوەڕوانی ڕوودانیان دەکرێت.
جموجۆڵە سیاسی و سەربازیەکانی ئەمریکا لەعێراق، هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە گەیشتن بە بنبەست لەگەڵ موشەکبارانکردنی هێزەکانیان لەلایەن گروپە شیعیەکانەوە.
“محەممەد حسێن” بەرپرسی ناوەندیی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسییەکان، پێیوایە گرژی و مشتومڕی نێوان ئەمریکا و عێراقیەکان گەر بەردەوام بێت، کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، بە تایبەت کەپێشتر سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سزای ئابووری لەعێراق کردوە.
لەگەڵ جموجۆڵەکانیشیاندا، ئەمریکا چاویان لە هەوڵەکانی عەدنان زەرفی کاندیدی ڕاسپێردراویشە بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە هێزە شیعیەکانی نزیک لە ئێران بوونەتە لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتەکەیدا.












